سیاسەتی زۆرینەی شیعە لە عێراق لە دادگـــــــــەری و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر سەرکەوتوو نەبووە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئەگەرەکانی سەرهەڵدانی داعش و خراپتربوونی دۆخی تەناهیی عێراق بە گشتی و نەینەوا بەتایبەتی بەهۆی کۆمەڵێک ڕووداوی ناوخۆیی و دەرەکی زیاتر بوون و دەسەڵاتی زۆرینە شیعە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و ئاشتکردنەوەی سوننەکان بە عێراق سەرکەوتوو نەبووە و مەترسیی نوێیان هێناوەتە کایەوە.

ئەو مەترسییانە کاتێک زیاتر دەرکەوتن کە هەفتەی ڕابردوو دەنگۆی ئەوە بڵاو کرایەوە سەدان چەکداری داعش لە سووریاوە بۆ ناو خاکی عێراق بە تایبەتی پارێزگای نەینەوا پەڕیونەتەوە و شەوێکیان دۆخێکی مەترسیدار و شڵەژاو لە مووسڵ زاڵ بوو و خەڵک بیرەوەریی تاڵی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤یان بۆ زیندوو بوویەوە. هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی نەینەوا لە حاڵەتی ئامادەباشیدابوون بۆ ئەوەی پێ بە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو بگرن.
حکوومەتی عێراق و بەرپرسانی خۆجێیی نەینەوا ڕایان گەیاند کە هێزەكانی پاسەوانی سنووور و پۆلیسی فیدراڵی، توانای پاراستنی ئاسایشی وڵاتیان هەیە و ڕێگری لە هەر دزەكردنێك دەكەن کە لەلایەن تیرۆریستانی داعش بێتە کایەوە.
ئەو ڕووداوە بیرهێنەرەوەی هەڵوێستی ئەوکاتی هێزەکانی سوپای عێراقە کە پێشکەوتووترین ئامێری سەربازی و چەک و تفاقیان لەبەردەستدا بوو و سەرکردەکانیان لە میدیاکان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە هیچ تیرۆریستێک ناتوانێت هەڕەشە لە مووسڵ بکات و پەیامی دڵنیاییان بە گوێی خەڵکی شارەکە دەدا بەڵام پێچەوانەکەی ڕوویدا و چەند سەد چەکدارێک لە ماوەی شەوێکدا تەواوی شارەکەیان داگیر کرد، سوپای عێراقیش هەر ئەوەندەی پێ کرا چەکەکانی فڕێ بدات و بەرەو کوردستان و ناوچەکانی تری عێراق ڕا بکات، ڕووداوێکی تاڵ کە دواتر کارەساتری زۆر تاڵتری بەدواوە بوو و تا ئەم ساتەش عێراق و ناوچەکە و جیهان لە ژێر کاریگەریی ئەو گرووپە تیرۆریستییە ڕزگاری نەبووە.
یەکێک لەو زانیارییانەی سەرچاوەکانی شیعە بڵاویان کردەوە ئەوە بوو لە یەکێک لەو کەمپانەی بنەماڵەکانی داعشیان تێدا ڕاگیراوە هەزار و پێنجسەد بەندکراو ئازاد کراون کە ژمارەیەکیان عێراقین و لەبەر ئەوەی بە ئازادی ناتوانن بگەڕێنەوە عێراق ڕێگەی نایاساییان گرتووەتە بەر و لە نێو ئەو کەسانەشدا چەکداری مەترسیدار هەن.
ئەو تۆکمەیی و پۆشتە و پەرداخییەی پێویستە لە نێوا هێزەکانی نەینەوا و پارێزگا سوننەکان هەبێت نییە و بەشێک لە ناوچەکان بە دەستی حەشدی شەعبی کۆنترۆڵ کراون کە بۆ سوننەکان نامۆن و پێیان وایە دەبوایە خەڵکی شارەکان خۆیان ئاسایشی خۆیان بپارێزن نەک لە لایەن هێزی بێگانە بپارێزرێن. دەگوترێ وێنەی سەرکردەکانی حەشد بە بازاڕ و شوێنە گشتییەکانی مووسڵ و شارەکانی دیکە هەڵواسراون و ئەمەش دۆخێکی نالەباری سایکۆلۆجییانەی لای خەڵکی هێناوەتە کایەوە.
لەگەڵ ئەوەدا سوننەکانی عێراق تووشی ناکۆکیی ناوخۆیی بوون و بەسەر گرووپی جیاوازدا دابەش بوون و تەنانەت نەتانتوانیوە سەرۆکێک بۆ پەرلەمان دەستنیشان بکەن، خراپتر لەمە لە لایەن حکوومەتی فیدراڵی و زۆرینەی شیعە هەست بە ستەم دەکەن وئەو دۆخە ئاڵۆزەش خەریکە جارێکی تر بەستێن بۆ ڕووداوی تاڵ و ناخۆش ئامادە دەکات.
یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی سەرهەڵدانی داعش لە عێراق بۆ پەراوێزخستنی سوننە دەگەڕایەوە کە بە تەواوی لە گۆڕەپانی سیاسیی و ڕۆڵیان لە دەسەڵات خرابوونە دەرەوە و هەرچەندە دوای ڕووخانی داعش هەندێک هەنگاو هەبووە بۆ ئەوەی هەڵەکانی ڕابردوو دووبارە نەبنەوە، بەڵام وانە وەرنەگیراوە و هەموو ئەو ڕووداوانەش عێراقیان خستووەتە بەردەم چارەنووسێکی نادیار و ئەگەری ڕووداوی مەترسیداری تر.
کێشە کۆنەکان کەڵەکە بوون و هی نوێیان هاتووەتە سەر، چەند مانگ لەمەوبەریش قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵوێزی وڵاتان لە عێراق داوای لێ کردن هاوولاتییەکانی خۆیان لە گرتووخانەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ وڵاتەکانی خۆیان بگوازنەوە و لە وڵاتانی خۆیان دادگایی بکەن ئەو پێی وایە کەمپی هۆل کە دە کیلۆمەتر لە سنووری عێراق دوورە وەک بۆمبێک وایە کە دەبێ پووچەڵ بکرێتەوە ئەگەرنا بۆ ناوچەکە و جیهان مەتریسدارە
ئەوانەی لەو کەمپە ڕاگیراون دەیان هەزار کەس کە بنەماڵەی چەکدارانی داعشە و لەگەڵ ئەوانەدا هەزاران داعشی مەترسیدار هەن کە لە دەرفەتێک دەگەڕێن تا بتوانن دۆخەکە لە قازانجی خۆیاندا بقۆزنەوە. ئەم کێشەیە لە پاڵ کێشە سیاسی و ئەمنیییەکانی تر تابلۆیەکی مەترسیدار پێشانی عێراقییەکان دەدات.

ھەواڵی زیاتر