وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر قوتابخانەیەکی غەززە ده‌كات


وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق سه‌ركۆنه‌ی هێرشێكی نوێی ئیسرائیلی بۆ سه‌ر غه‌ززه‌ كردووه‌ كه‌ بۆ هۆی كوژرانی ده‌یان كه‌س؛ هاوكات داوا له‌ وڵاتانی جیهان ده‌كات دژی ئه‌و “كرده‌وه‌ تاوانكارییه‌” بوه‌ستنه‌وه‌.

شەممە، 27ـی تەمووزی 2024، بەرپرسانی تەندروستی غەززە ڕایانگەیاند، “ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردووەتە سەر قوتابخانەیەک لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە، لە ئەنجامدا 30 کەس کوژران”.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و هێرشه‌ی كردووه‌ و به‌ كرده‌وه‌یه‌كی تاوانكاریی ناوی بردووه‌ و داوای له‌ وڵاتانی جیهان كردووه‌ دژی بوه‌ستنه‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: “ئەم کۆمەڵکوژییە درێژەپێدەری ئەو دوژمنایەتی و تاوانانەیە کە ئیسرائیل بەرانبەر بە خەڵکی مەدەنی ده‌یكات.”

هاوكات به‌ پێویستی زانیوه‌، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی خۆی لە ئەستۆ بگرێت بۆ وەستاندنی بەردەوامیی “دەسەڵاتی داگیرکەر لە هێرشه‌ شەڕانگێزەکانی و گوێنه‌دان بە بڕیارنامە پەیوەندیدارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.”

ھەواڵی زیاتر