عێراقییەکان ڕیزبەندی یەکەمی کەرتی گەشتیاریی ئێرانیان گرتووە

ناوەندی ئاماری ئێران بڵاوی کردووەتەوە، هەشت ساڵە عێراقییەکان لە پێشەنگی گەشتیارانی دەرەکی ئێرانن و بە پێچەوانەشەوە ئەورووپاییەکان کەمترین ژمارەی گەشتیاریان بۆ ئێران هەیە. بەڵام گەشتیارانی عێراق بەراورد بەوەی زۆرینەن، کەمترین خەرج دەکەن.

بەگوێرەی تۆمارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، لە ساڵی 2017 تاوەکوو 2023 زۆرینەی ئەو گەشتیارانەی چوونەتە ئێران، هاووڵاتییانی عێراقی بوون. تەنیا لە ساڵی 2023 لە کۆی 6 ملیۆن گەشتیاری بیانیی دوو ملیۆن و 700 هەزاریان عێراقی، ملیۆنێک و 300 هەزار ئەفغانی و 800 هەزاریان لە تورکیاوە بوون.

لەم بارەوە، وەلی تەیمووری جێگری پێشووی وەزیری گەشتوگوزاری ئێران ڕایگەیاندووە، جووڵەی گەشتیاری لەسەر بنەمای پەیوەندیی فەرهەنگی و دیپلۆماتیی دروست دەبێت، ئێرانیش پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ عێراق هەیە لەڕووی ئابووری و فەرهەنگی و سیاسییەوە، ئەمەش بۆتە هۆی زیادبوونی ئاڵوگۆڕی گەشتیاریی لەنێوان هەردوو وڵاتدا. بەڵام لە ڕووی خەرج کردنەوە، گەشتیارانی عێراقی بەراورد بە گەشتیارانی ئەورووپایی کەمترین خەرج دەکەن.

ھەواڵی زیاتر