لەکاتی دروستکردنی قوتابخانەیەک لە تەلەعفەر گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق ڕایگەیاند، گۆڕێکی بەکۆمەڵ کە لەلایەن داعشەوە کۆمەڵکوژ کراون، لە قوتابخانەیەکی پارێزگای نەینەوا دۆزراوەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی تەمموزی 2024، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق  لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “لە ڕێگەی هاوکاریی هاووڵاتییانەوە، زانیاریی لەسەر بوونی ڕووفاتی گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە گەڕەکی ئەلسەعد لە قەزای تەلعەفەر درابوو، هەروەها لە ڕۆژی چوارشەممە، هێزێکی هاوبەش لە فەوجی 2ـی لیوای 73ـی پیادە و فیرقەی 15 و هێزەکانی کۆکردنەوەی جەماوەری دەستیان کرد بە گەڕان لە شوێنەکەدا و گۆڕێکی بەکۆمەڵیان دۆزییەوە کە پێشتر لە لایەن هاووڵاتییەکەوە لەکاتی دروستکردنی بناغەی قوتابخانەیەک دەستنیشان کرابوو”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە، کە ئەو گۆڕەبەکۆمەڵە هی 14 قوربانییە، کە بەدەستی باندە تاوانکارییەکانی داعش بەخاک سپێردراون، ڕێکاری یاسایی گیراوەتەبەر و ڕووفاتەکان ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار دەکرێت بە مەبەستی ناسینەوەیان”.

دوێنێ چوارشەممە، خەلیل موحسین مەسا، قایمقامی قەزای تەلعەفەر، بە مێدیای ناوخۆیی گوت: گۆڕە بەکۆمەڵەکە کاتێک دۆزراوەتەوە کە بولدۆزەرێک سەرقاڵی هەڵکەندنی بناغەی قوتابخانەیەک بووە.

ڕوونیشی کردەوە، “لە نێو قوربانییەکاندا منداڵیش هەن، بەڵام تا ئێستا ناسنامەیان نەزانراوە، ئێمە پارێزگاری نەینەوا و بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ناو دەزگای شەهیدانمان ئاگادار کردەوە، هەروەها شوێنەکە گەمارۆ دراوە تا لیژنەیەکی تایبەت دروست دەکرێت”، دەشڵێ: بریارە ڕۆژی شەممەی داهاتوو لیژنەکە بچێتە شوێنەکە و گۆڕەکە هەڵبداتەوە.

ھەواڵی زیاتر