میسان.. بەهۆی کردەیەکی تێکدەرانە ئینتەرنێتی 40 هەزار کەس دەپچڕێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆمپانیای “ئێرسلینک” بۆ پەیوەندی ڕایگەیاند، کێبڵەکانی ئینتەرنێت لە پارێزگای میسان لە ئەنجامی کردەوەی تیرۆریستی تێکدەرانە، خزمەتگوزارییەکانی بۆ 40 هەزار بەکارهێنەر پچڕاوە.

کۆمپانیای “ئێرسلینک” بۆ پەیوەندی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، “ئەو کردەوە تیرۆریستیی و تێکدەرانە ئیدانە دەکات، کە ژێرخانی کێبڵەکانی سەر بە وەزارەتی پەیوەندییەکان لە پارێزگای میسان تێک داوە، کە کاری گرووپە لە یاسا دەرچووەکانە”.

ڕوونیشی کردەوە “کردەوە تێکدەرانەکان بریتی بوون لە سووتاندنی ژمارەیەک کابینەی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت، کە خزمەتگوزاری پێشکەش بە زیاتر لە 8 هەزار ماڵ دەکەن، ئەمەش بووە هۆی پچڕانی خزمەتگوزاری بۆ 40 هەزار بەکارهێنەری ئینتەرنێت لە عەمارە”.

ئاماژەی بەوەش کرد “هێرشی تێکدەرانە لە شاری عەمارە بەردەوامە، کە لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا زیاتر لە 30 هێرشی تێکدەرانە کراوە. هەموو ئەو هێرشانەش لە ڕاپۆرتەکاندا بەبەڵگەکراون و ئاراستەی هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندییەکان و زانیاری لە پارێزگای میسان و نووسینگەی پارێزگاری میسان کراوە”.

کۆمپانیاکە داوای لە “پارێزگار و سەرجەم دەسەڵاتە ئەمنییەکان کردووە، لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە بکەن بۆ ئەم کردەوە تاوانکارایانە، کە پەلاماری ژێرخانی ئەو خزمەتگوزارییە سەرەتایی و گرنگەی هاووڵاتیانی عێراق، دەدەن”.

کۆمپانیاکە داوای کردووە “بەخێرایی تاوانباران دەستگیر بکرێن و ڕادەستی دادگا بکرێن بۆ ئەوەی بتوانن سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن، بۆ ئەوەی ببنە نموونەیەک بۆ ئەو کەسانەی کار بۆ تێکدانی ئاسایشی هاووڵاتیان و سەرچاوەکانی دەوڵەت دەکەن”

ھەواڵی زیاتر