دیپلۆماتکارێکی عومانی درێژە بە ئەرکەکانی پلاسخارت

لە عێراق سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر
دەداتدوای شەش ساڵ لە مانەوەی جنین پلاسخارت لە پۆستی نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، کە پێوەندییەکی گەرم و گوڕی لەگەڵ کورددا هەبوو، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەکە کەسێکی نوێی بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان کرد و محەمەد حەسەن عەوز دیپلۆماتکاری عومانی لە نەتەوەیەکگرتووەکانی لە شوێنی ئەو دانا.

ئەو نوێنەرە نوێیە زیاتر لە سێ ساڵە لە نوێنەرایەتیی وڵاتەکەی لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کار دەکات و پێش ئەو پۆستەش چەندین پۆستی لە وەزارەتی دەرەوەی عومان لە مەسقەتی پایتەخت بەڕێوە بردووە، هەروەها ساڵی ٢٠١٦ جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بووە و یەکەم دیپلۆماتکاری عەرەبە کە ئەو پۆستەی پێ دەسپێردرێت.
ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە لەسەر داخوازیی حکوومەتی کاتیی ئەوکاتی عێراق نوێنەرایەتی یۆنامی دەستنیشان کرد و چالاکییەکانی هەموو ساڵێک لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایش درێژ کراوەتەوە و ئامانجەکەی ئەوە بووە هاوکاریی حکوومەتی عێراق بکات لە گفتوگۆی سیاسیی گشتگیر و چەسپاندنی ئاسایشی نیشتمانی و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان و چاکسازی لە سەرجەم کەرتەکانی دەوڵەت.
ئەو نوێنەرە نوێیە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی واشنتن لە ئەمریکا، بڕوانامەی ماستەر لە زانستی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی سانت جۆن لە نیویۆرکی هەیە و دکتۆرای لە ئابووری لە زانکۆی ئابووری و ئامار و زانیاری (MESI) لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا بەدەست هێناوە، هەروەها بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی و نەرویجی و ڕووسی قسە دەکات.
جنین پلاسخارت، کە لە دوای ئەو نوێنەرە نوێیە بۆ وڵاتەکەی دەگەڕێتەوە یەکێک لەو دیپلۆماتکارە چالاکانە بوو کە پێوەندیی زۆر گەرمیی لەگەڵ گەلی کورد و سەرکردایەتیی سیاسیی کورد هەبوو. ئەو زۆر جار لە کۆبوونەوەکان زۆر دۆستانە ئامۆژگاری سەرکردایەتیی سیاسی کوردی دەکرد و داوای لێ دەکردن بە یەکگرتوویی و گفتوگۆی ئاشتیانە کێشە ناوخۆییەکانیان چارەسەر بکەن.
ئەو کە ئەندامی پارتی گەل بۆ ئازادی و دیمۆکراسی ھۆڵندا بوو لە ساڵی ٢٠١٨ەوە نوێنەرایەتی یۆنامی لە عێراقی پێ سپێردرابوو. پێشتر چەند خولێک لە هۆڵندا پەرلەمانتار بووە و لە لە ٢٠١٢ وەک وەزیری بەرگری ھۆڵندا دەستبەکار بوو و دواتر جارێکی تر چووە پەرلەمان و وەک نوێنەر درێژەی بە کاری سیاسی دا.
پلاسخارت لە دواین وتاریدا کە لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لە ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان پێشکەشی کرد بە ڕاشکاوی باسی لە ئاڵنگارییەکانی عێراق کردبوو و گوتبووی هێشتا دامەزراوەکانی دەوڵەت لاوازن. گەندەڵی و دابەشبوون و پارێزبەندی لە سزا و دەستێوەردانی بێ پاساو لە ئەرکەکانی دەوڵەت هەیە و کۆمەڵێک گرووپی چەکداری لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتدا کار دەکەن و هەموو ئەمانە هێشتا تەگەرەی گەورەن لەبەردەم گەشەسەندن و داهاتوی عێراق و پێویستە زاڵبوون هەبێت بەسەریاندا.
ئەو زۆر نیگەران بوو لە دواخستنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان و هۆشداری دابوو لەوەی ئەگەر هەڵبژاردن لە کوردستان نەکرێت ئەوا مەترسییەکان زۆرتر دەبن و ئایندەی هەرێمی کوردستان نادیار دەبێت. ئەو کات کە ئەگەری زۆر بوو هەڵبژاردنی ١٠ی حوزەیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەنەچێت، پێداگری لەوە کرد کە دواخستنی هەڵبژاردن نابێت لە چوار مانگ زیاتر بێت و پێشنیاری ئەوەشی کرد کە کۆتای کەمایەتییەکانیشی لەگەڵدا بێت.
ئەو داواکارییەی پلاسخارت بەشێک لە داواکارییەکانی پارتیی دیموکراتی کوردستان بوو کە ئەو کات بەهۆی نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان بایکۆتی هەڵبژاردنی کردبوو و کۆی ئەو ڕووداوانە وای کرد پێنج کورسی بۆ کریستیان و تورکمان و ئەرمەن دیاری بکرێن و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش لە مەرسوومێکی نوێدا ٢٠ی تشرینی یەکەمی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کرد.
پلاسخارت پرسی شنگالیشی گەیاندبووە ئەنجوومەنی ئاسایش و گوتبووی پاش نۆ ساڵ لە ئازادکردنی لە دەستی داعشدا وەک وێرانەیەک ماوەتەوە و حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە هیچ شتێک بۆ ئەو شارە بکات.
لە ٣١ی ئایاری ئەمساڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری دا لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ ئەرکی یۆنامی لە عێراق کۆتایی پێ بهێنێت. ڕۆژی ٨ی نیسانی ئەمساڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە نامەیەکدا کە ئاراستەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردبوو تێیدا داوای كردبوو، تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ کۆتایی بە ئەرکی یۆنامی بهێندرێت لە عێراق.
تا ئەو ماوەیە دیار نییە نوێنەری نوێی یۆنامی لە عێراق تا چەندە هاوشێوەی پلاسخارت ڕۆڵ دەگێرێت و دەتوانێت هاوکاریی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بکات و پێش بە مەترسییەکانی بەردەم عێراق بکات.

ھەواڵی زیاتر