پاکستان داوا لە عێراق دەکات ڤیزا لەسەر زیارەتکارانی وڵاتەکەی هەڵبگرێت

ئەمڕۆ دووشەممە، مێدیاکانی پاکستان ڕایانگەیاند، پاکستان داوای پێدانی مۆڵەتی کارکردن بە پاکستانییەکان لە عێراق دەکات، هاوکات داواشی کردووە ڕێژەی زیارەتکارانی وڵاتەکەی ئەمساڵ زیاد بکات و داوای پاسپۆرتیان لێ نەکات.

کۆبوونەوەیەک لە نێوان وەزیرانی دەرەوە و پەرەپێدانی سەرچاوە مرۆییەکانی پاکستان و حامد عەباس لەفتە باڵیۆزی عێراق لە پاکستان بەڕێوە چوو.

ڕۆژنامەی “داون”ـی پاکستانی ڕایگەیاندووە، “هەردوو وەزارەتەکانی پاکستان، کار لەسەر ئامادەکردنی پلانێک دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی پێدانی مۆڵەتی کارکردن بۆ هاووڵاتیانی پاکستانی لە عێراق”، ئاماژەی بەوەش کرد، “بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، یاداشتێکی لێکگەیشتن لە نێوان وەزارەتی دەرەوەی پاکستان و وەزارەتی کاری عێراقی ئیمزا دەکرێت”.

دەشڵێت، “یاداشتنامەی لێکگەیشتنەکە ئاسانکاری بۆ هاووڵاتیانی پاکستانی دەکات بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی کارکردن لە عێراق، هاوکات کۆچی یاسایی زیاد دەکات و هاتنی پاکستانییەکان بە نایاسایی بۆ ناو عێراق کەمدەکاتەوە”، هاوکات وەزیری ناوخۆی پاکستان دڵنیایی دەداتە باڵیۆزی عێراق لە هاوکاری تەواوەتی لە چارەسەرکردنی پرسی دانیشتووانی نایاسایی پاکستان لە عێراق.

لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر ئەوەی، ڤیزەی هاتنە ژوورەوەی بێبەرامبەر بە پاکستانییەکان بدرێت، هەروەها ڕێژەی هاتنی زیارەتکارانی پاکستانی زیاد بکرێت، هاوکات وەزیری ناوخۆی پاکستانیش داوای کرد ئەمساڵ ڕێژەی زیارەتکارانی پاکستانی دوو هێندە بکرێت.

باڵیۆزی عێراق ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر هاوکاریی تەواو لەم بوارەدا بۆ ئاسانکاری ڕێکارەکان بۆ زیارەتکارانی پاکستان. هەروەها باڵیۆزی عێراق لیستی ئەو بریکارانەی گەشت و گوزاری خستەڕوو کە پارەی زیادەیان بەسەر زیارەتکاران سەپاندووە و دەڵێت، لە ماوەی هەفتەیەکدا ڕێکاری توند بەرامبەر ئەو بریکارانەی گەشتیاری دەگیرێتەبەر.

ھەواڵی زیاتر