پیاوانی ئایینیی كریستیانی نەینەوا داوا لە سوودانی دەكەن سنوورێك بۆ گرووپە لەیاسادەرچووەكان دابنێت

ئەبرەشییەی ئەسقەفەكانی مووسڵ و شوێنكەوتووانی لە پێكهاتەی سریان و كاسۆلیك، داوایەكیان بۆ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ بەرز كردووەتەوە، تاوەكوو سنوورێك بۆ ئەو هێز و حزبە لەیاسادەرچوانە دابنێ لە مووسڵ، وەك خۆی ئاماژەی بۆ كردووە تاوەكوو ”لە شەڕی نێوان سەرۆكی ئەو گرووپانە“ رزگاریان بكات.

لە راگەیانراوێكی مار بندركتوس یونان حەنۆ، سەرۆكی ئەبرەشییەی ئەسقەفەكانی مووسڵ، كە ئاراستەی سوودانیی كردووە، هاتووە ”ئەوانەی لە پێكهاتەی مەسیحی لە دەشتی نەینەوا و مووسڵ ماونەتەوە، رووبەڕووی ململانێیەكی نوێ بوونەتەوە و بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەڕاوكێ لەناویاندا، بەهۆی ئەو هێز و لایەنە لەیاسادەرچوانەی، كە هیچ لێپێچینەوەیەكیان لەگەڵدا ناكرێ.“

راگەیاندراوەكەی ئەبرەشییە، حزبێكی سیاسی لە نەینەوا تۆمەتبار دەكات و دەڵێ: ”هەوڵی گۆڕینی ئەو بەڕێوەبەرانە دەدات، كە ئەندام و لایەنگری ئەو نین و فەرمان و رێنمانییەكانی ئەوان جێبەجێ ناكەن، دوایینیشیان شەڕیان بوو لەسەر پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، كە بە گوێرەی بەرژەوەندییەكانی ئەو حزبە هەڵدەسووڕێن و حزبەكەش خۆی بە دەسەڵاتداری نەینەوا دەزانێ.“

رۆژی سێشەممەی رابردوو، تەنگژەیەكی نوێ سەری هەڵدا، دوای ئەوەی كوتلەی (نەینەوا ئەلمستەقل) كە لە كۆی 29 كورسی، 16 كورسیی ئەنجوومەنی پارێزگای هێناوە، كاتێ لە كۆی 31 بەڕێوەبەری یەكە ئیدارییەكان، 20 بەڕێوەبەری لە كار لادا. ئەمەش كاردانەوە و تووڕەیی لەلایەن كوتلەی (نەینەوا لیئەهلیها)ی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانی و كوتلەكانی دیكەی لێ كەوتەوە، كە 13 كورسیی ئەنجوومەنی پارێزگایان هەیە. بۆیە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵەوە، تەواوی ئەو بڕیارانەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رەت كرانەوە بە نادەستووری و نایاسایی لەقەڵەم درا.

سەرباری پاڵپشتیی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ كوتلەی (نەینەوا ئەلموستەقل) كە هاوپەیمانیی (بابلیوون) بە سەرۆكایەتیی رەیان كلدانی \كە لە لیستی رەشی ئەمریكادایە\ تێیدا باڵادەستە، هەروەها (عەقد ئەلوەتەنی) كە لەلایەن فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی سەرپەرشتی دەكرێت، بەڵام هەوڵی تاكڕەوانەی ئەوان لە بڕیارەكانی پارێزگای نەینەوا بووە هۆی ئەوەی دەستەی باڵای هەماهەنگیی نێوان پارێزگاكان سەر بە سەرۆك وەزیران بێتە دەنگ و وای لێ كرد رێوشوێنەكانی دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رابگرێ، كە ژمارەیەك لە بەڕێوەبەری ئیدارەكانی لە كار لادابوو.

لە بەرامبەر بە سووربوونی كوتلەی (نەینەوا ئەلموستەقل) بە هەڵوێستی لە لەكارلادانی بەڕێوەبەری یەكە ئیدارییەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان و كوتلە هاوپەیمانەكانیشی سوورن لەسەر شەرعییەت نەدان بە دانیشتنەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بەهۆی ئەو پێشێلكارییە یاساییانەی ئەنجامی دا و داوای لادانی هەریەك لە سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەكەن.