یەک لەسەر چواری دانیشتووانی “عێراقی دەوڵەمەند” هەژارن

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

عێراق لەوەتەی هەیە هێندە پارە و سەرمایەیەی بەدەستەوە نەبووە و هێندە خەزێنەی پڕ لە زێڕ و پارە نەبووە بەڵام ئەو هەموو داهات و سەرمایەیە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ژیانی خەڵکەکەی نەبووە، ڕێژەی هەژاری بەردەوام ڕووی بەرزبوونەوە بووە و ساڵ بە ساڵ بە ژمارەی بێکاران زیادی کردووە. بەپێی دواین ئامار بیست و پێنج لەسەدای دانیشتووانی عێراق لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

عێراق بە دووەم گەورەترین وڵاتی هەناردەکاری نەوت لە نێو وڵاتانی ئۆپێک هەژمار دەکرێت و داهاتی ساڵانەی لە نەوت دەگاتە سەرووی سەد ملیار دۆلار، ئەمە بەدەر لە داهاتی ناوخۆیی و گومرگ و باج و داهاتەکانی تر.
عێراق زیاتر لەو وڵاتانە دەچێت کە داهاتیان نییە و کاتێک سەیری ژیانی خەڵکەکەی و ئاستی خزمەتگوزارییەکانی دەکەیت بۆت دەردەکەوێت ئەم داهاتە لەگەڵ ئەم ژیان و خزمەتگوزارییانە یەکتر ناگرنەوە. یەدەگی زێڕی عێراق لە بانکی ناوەندی دەگاتە سەرووی سەد و سی تۆن و سەرووی سەد و بیست ملیار دۆلاریش یەدەگی پارەی هەیە.
دوێنێ دووشەممە ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە عێراق بڵاوی کردەوە زیاتر لە دە ملیۆن عێراقی لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. حازم ئەلرودەینی جێگری سەرۆكی ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە عێراق گوتی دۆسیەی زۆر گرنگ هەن كاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتی عێراقی هەیە كە دەبێت لەبەرچاو بگیرێن، وەك پرسی هەژاری و بێکاری و هەلی کار کە پێویستە حکوومەتی عێراق بە جیددی ئاوڕی لێیان بداتەوە.
ئەو بە پشتبەستن بە داتاكانی وەزارەتی پلاندانان، گوتی نزیكەی بیست و پێنج لەسەدای دانیشتووانی عێراق لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین كە زیاتر لە دە ملیۆن هاووڵاتی پێكدەهێنن.
ژمارەی دانیشتووانی عێراق نزیکەی چل و سێ ملیۆن کەسە و ئەو ڕێژەیە بەرزە لە هەژاری ئەو ڕاستییە دەردەخات کە لە عێراق کەس لە بیری خەڵکەکەیدا نییە و پارەیەکی زۆر لە ڕێی نایاسایی و گەندەڵی بەهەدەر دەڕوات.
قەبارەی ئەو گەندەڵییەی لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لە عێراق کراوە دەگاتە سەرووی هەشتسەد ملیار دۆلار. شەقام و ڕێگاوبانەکانی عێراق خراپتر بوون و هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نەهاتووە، خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو و کارەبا کە دوو خزمەتگوزاری زۆر سەرەکین لە جیاتی باشتربوون خراپتر بووە و خەڵکی عێراق لە هاوینی ساڵی ٢٠٢٤ دەبێت چەند سەعاتێکی ڕۆژ بە باوەشێن خۆیان فێنک بکەنەوە.
وەزارەتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی مووچەی مانگانەی بەسەر تەنیا دوو ملیۆن خێزانی عێراقیدا دابەش كردووە، زیاتر لە ملیۆنێك خێزان هەن مافی وەرگرتنی مووچەی هەژارییان هەیە، کەچی هیچ حسابێکیان بۆ نەکراوە.
بەگوتەی ناوەندەکە بێكاری یەكێكی تر لە تەنگژەكانی عێراقە و ئێستە یەك ملیۆن و شەشسەد و پەنجا هەزار بێكار لە وەزارەتی كاری عێراقدا تۆمار كراون. ئەمە جگە لەو سەدان هەزار بێکارەی کە ناوەکانیان تۆمار نەکراوە، دەرچووانی زانکۆ هیچ شوێنێکیان نییە کاری تێدا بکەن و ساڵ بە ساڵ بە ژمارەیان زیاد دەکات.
حکوومەتی عێراق سەرەڕای ئەوەی کە تەنانەت یاسایەکی بودجەی بۆ سێ ساڵ پەسند کردووە بەڵام تەنیا ئەرکە سەرەکییەکەی ئەوە بووە مووچەی مانگانە دابەش بکات و بەرپرسیارێتییەکانیشی بەرانبەر مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان لەو لاوە بوەستێت.
حکوومەتی عێراق ئەوەندەی لە بیری ئەوە دایە هەرێمی کوردستانیش وەک پارێزگاکانی تری باشوور و ناوەڕاست لێ بکات ئەوەندە لە بیری ئەوەدا نییە ئاستی پێشکەوتنی ئەو پارێزگایانە بگەیەنێتە ئاستی هەرێمی کوردستان.
هەرچەندە لە هەرێمی کوردستان ڕێژەیەک لە بێکاری و هەژاری هەیە و لە خزمەتگوزارییەکانیشدا کەم و کورتی هەیە بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە زیاتر لە ساڵێکە کۆنترۆڵی فرۆشتنی نەوتی بەدەستەوە نەماوە، بەڵام لە ڕووی ژیان و گوزەران و دابینکردنی هەلی کار وخزمەتگوزاری زۆر لە پێشەوەی عێراقەوەیە.

ھەواڵی زیاتر