لە بەسرە بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیرا

دووشەممە، 8 ی تەممووز،  سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاند، لە پارێزگای بەسرە، دەستیان بەسەر بڕێکی زۆری ماددەی هۆشبەری ‘کاپتاگۆن’دا گرتووە، کە بەشێوەیەکی نامۆ شاردرابووەوە.

ئەو سەرچاوە ئەمنییە بە مێدیاکانی ناوخۆی ڕاگەیاندووە، “لە ناوچەی کێڵگەکانی ئەلنەجمی لە سەفوان دەست بەسەر 60 کیلۆ حەبی کاپتاگۆندا گیراوە، کە بەشێوەیەکی نامۆ وەک پارچە قوماشێکی نەخشێنراو دانرابوو”.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، “هێزێکی ئەمنی تۆمەتبارەکەی دەستگیر کردووە”، هەروەها “تۆمەتبار بەشێک لە کەرەستەکانی سووتاندووە”.

ئیناس کەریم، سەرۆکی دامەزراوەی چارەی ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر لە عێراق ئاشکرای دەکات، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا 700 ئالوودەبووی ماددەی هۆشبەر چارە کراون کە 45 کەسیان ئافرەتن. لەگەڵ ئەوەشدا، بە پێویستی دەزانێت ئامێری پێشکەوتووی ئاشکراکردنی ئەو ماددانە دابین بکرێت. چونکە، بە گوتەی ئەو “دەستگیرکردنی بازرگانان و تۆڕەکان نابێتە هۆی کۆتاییهێنان بە مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر، بەڵکوو دەبێت میکانیزمەکانی ڕێگریکردن فراوانتر بکرێن”.

هاوکات یاسر ئەسکەندەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، “چارەکردنی ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە رێژەی سەدا 50 زیادی کردووە کە ئەمەش چانسی دووەم بە ئالوودەبووان دەبەخشێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوەی دۆخی ژیانی ئاسایی خۆیان، ئاماژە بەوەش دەکات، وەزارەتی تەندروستیی عێراق هەنگاوی باشی لە دابینکردنی کارمەندی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە هەڵگرتووە”.

لە 5ـی تەمموز، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، لە ماوەی ساڵێکدا 230 تۆڕی ماددەی هۆشبەریان دەستگیر کردووە کە لەنێویان 27 تۆڕ نێودەوڵەتین و سەرجەم تۆڕەکان زیاتر لە 19 هەزار تاوانباری ماددەی هۆشبەریان لە خۆ گرتووە.