نەبوونی کارەبا دۆخی هاووڵاتیانی عێراقی خراپتر کردووە

نەبوونی کارەبا و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، دۆخی هاووڵاتییانی عێراقی خراپتر کردووە و وەرزی هاوین و بەرزی پلەکانی گەرماش هێندەی دیکە توڕەیی هاووڵاتییانی زیاتر کردووە. لە بەغدا دەیان كەس دژی خراپیی دۆخی کارەبا خۆپیشاندانیان کرد و داوای لێپرسینەوە لەو کەسانە دەكەن کە کەمتەرخەم بوونە لە چارەكردنی كێشەی كارەبا.

گەرمای پڕووکێنەری هاوین و پچڕانی بەردەوامی کارەبا دانیشتووانی بەغدای ھەراسان كردووە، هەروەها، لەبەرامبەر نەبوونی خزمەتگوزاری و پچڕانی بەردەوامی كارەبا. دانیشتووانی ناوچەی زەعفەرانییەی بەغدا شەقامە سەرەكییەكانیان داخست و ئەندامێكی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، میوانداریی وەزیری كارەبا دەكەن، بۆ لێپرسینەوە و بەدواداچوون دەربارەی كێشەی كەمیی كارەبا، چاودێرانیش هۆشداریی لە هەستیاریی دۆخەكە و بەرفراوانبوونی خۆپیشاندانەكان دەدەن.

سوهەیلە سوڵتانی، ئەندامی لیژنەی كارەبا لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان و بۆ زانینی هۆكارەكانی كەمبوونەوەی كارەبا، میوانداریی وەزیری كارەبا دەكرێت، بەتایبەتی كە ئێستا كە بەشێوەیەكی بەرچاو پلەكانی گەرما بەرزبووەتەوە.

ھاوكات، محەمەد عەلی، چاودێری سیاسی راگەیاند، سەرەڕای بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما ناڕەزایی جەماوەری لەسەر كەمبوونەوەی پێدانی كارەبا هەیە، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە وەزارەتی كارەبای عێراق شکستی هێناوە لە دۆزینەوەی چارەیەک بۆ ئەم قەیرانە،  لە کاتێکدا پارەی زیاتر لە بودجەی وڵاتێك بۆ دامەزراندنی وێستگەی كارەبا خەرج كراوە.

بەهۆی كۆمەڵێك هۆكار، قەیرانی كارەبا لە عێراق بەردەوامە، یەكێك لەوانە كەمیی سووتەمەنی پێویستە بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی كارەبا، ئەمەش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و زیادبوونی ماوەی پچڕانی كارەبا، هەروەها زیادبوونی بەكارهێنانی كارەبای ڕۆژانە لەلایەن هاووڵاتییانەوە، بەتایبەتی لە وەرزی گەرمای هاویندا، ئەمەش فشار لەسەر تۆڕەكەكانی كارەبا زیاد دەكات.