ئەمەریکا بنکەیەکی ئاسمانی چۆڵ دەکات

لەسەر داوای ئەنجوومەنی سەربازیی نەیجەر، ئەمەریکا سەرجەم هێزەکانی خۆی لە بنکەی سەربازیی “101” دەکشێنێتەوە و ئەو وڵاتە بەجێ دەهێڵێت.

کینێس ئێکمان، فەرماندە لە هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند، تاوەکو سبەینێ یەکشەممە، 07-07-2024، سەرجەم ڕێکارەکانی تایبەت بە کشاندنەوەی هێزەکانیان لە بنکەی ئاسمانیی “101” کە دەکەوێتە سنووری نیامی پایتەختی نەیجەر، تەواو دەکەن و بنکە ئاسمانییەکە چۆڵ دەکەن.

بە گوتەی ئەو فەرماندە ئەمەریکییە، “رێوەڕەسمێکی هاوبەش بەوبۆنەیەوە ڕێک دەخرێت کە تێیدا دوایین فڕۆکەکانی جۆری سی – 17 بنکە ئاسمانییەکە بەجێ دەهێڵن”. ڕوونیشی کردەوە، “حکوومەتی نەیجەر، کۆنترۆڵی ناوچە و دامەزراوەکانی پێشووی ئەمەریکا دەگرێتە ئەستۆ”.

مانگی نیسانی ئەمساڵ، ئەنجوومەنی سەربازیی نەیجەر کە دوای کودەتایەک حووکمی وڵاتەکەیان گرتە دەست؛ داوایان لە سوپای ئەمەریکا کرد سەرجەم سەربازەکانی کە ژمارەیەک نزیکەی یەک هەزار سەرباز دەبێت، بکشێنێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە، دوای ئەو کودەتایەی لە نەیجەر ڕووی دا، سوپای ئەمەریکا بەشێکی هێزەکانی لە بنکەی ئاسمانیی 101 لە نیامی بۆ بنکەی ئاسمانیی 201 لە شاری ئەگادیس گواستەوە.

پێش ئەوەی کودەتای سەربازیی ڕوو بدات، حکوومەتی نەیجەر و سوپای ئەمەریکا هاوبەشێکی سەرەکی بوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی ژمارەیەک گرووپی چەکدار لە کەناراوەکانی ئەفریقیا کە هەزاران هاووڵاتییان کوشتبوو و بوونە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس.

چۆڵکردنی بنکەی ئاسمانیی 101 لە نەیجەر لە کاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا سوپای ئەمەریکا بە شێوەیەکی فەرمی سەرجەم هێزەکانی خۆی لە “چاد” کشاندەوە. لە مالی و بورکینافاسۆش، هێزەکانی فەرەنسا ناچار بە کشانەوە کران و ئەو دوو وڵاتەیان بەجێ هێشت.