عێراق.. لە 72 کاتژمێردا حەوت کەس خۆیان کوشتووە

لە ماوەی 72 کاتژمێردا لە عێراق، حەوت حاڵەتی خۆکوشتن تۆمار کراوە. دەزگا ئەمنییەکانی عێراق دەڵێن، هۆیەکە بۆ ماندبوونی دەروونی خەڵک لە قەیرانەکان دەگەڕێتەوە. پسپۆڕانیش داوای کردنەوەی سەنتەری هۆشیاریی و ڕاوێژکاریی بۆ ڕێگریی لە زیادبوونی ڕێژەکە دەکەن.

کێشەی کۆمەڵایەتی، بێکاریی و خراپی دۆخی دارایی ڕێژەی خۆکوشتنیان لەناو عێراقییەکاندا زیاد کردووە. ڕۆژ نییە هەواڵی خۆکوشتنی کەسێک یاخود چەند کەسێک لە پارێزگاکانی عێراق لە لایەن مێدیاکانەوە نەدرێت بە گوێی خەڵکدا. پسپۆڕانیش هۆشداریی لە زیادبوونی ڕێژەی خۆکوشتن دەدەن و داوای دیاریکردنی هۆیەکانی و ڕێگریی لێی دەکەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی دەزگا ئەمنییەکان، لە ماوەی 72 کاتژمێردا حەوت کەس لە پارێزگاکانی عێراق خۆیان کوشتووە. خۆکوشتنەکان دابەشبوون بەسەر بەغدا و پارێزگاکانی باشوور. لە بەغدا چوار کەس خۆیان کوشتووە، لە موسەنا سێ کەس. زۆرینەی ئەو کەسانەشی خۆیان دەکوژن تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 35 ساڵیدایە.

دەزگا ئەمنییەکانی عێراق باس لەوە دەکەن، خۆکوشتن لەناو عێراقییەکاندا بووە بە شتێکی ڕۆژانە، چونکە هەموو ڕۆژێک کەسێک یاخود چەند کەسێک کۆتایی بەژیانی خۆیان دەهێنن.

دەزگا ئەمنییەکانی عێراق دەڵێن، هاووڵاتیان بە گشتی دۆخی دەروونیان ماندووە و بەدەست چەندین قەیرانی کۆمەڵایەتی، دارایی، سیاسی و دەروونییەوە دەناڵینن.

سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی خۆکوشتن پسپۆڕان دیاردەکە بە مەترسیدار دەزانن و داوای کردنەوەی سەنتەری زیاتری هۆشیاریی سەبارەت بەم پرسە دەکەن، هاوکات جەخت لە بایەخدانی زیاتری حکوومەت و ڕێکخراوەکان بە پسپۆڕانی دەروونی دەکەن.

بەگوێری هەڵسەنگاندنی پسۆڕانی دەروونی چەند هۆیەک لەپشت خۆکوشتنی عێراقییەکانەوەن، لەوانە: کیشەی دەروونی، کۆمەڵایەتی، دارایی، سیاسی، ئەمنی، کێشەی خوێندن و کار، ئەمانە و چەندین هۆی دیکە.

بەگوێرەی ئامارەکان ڕێژەی خۆکوشتن لە عێراق لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لەسەدا 175 زیادی کردووە. تەنها لە ساڵی رابردوودا هەزار و 73 کەس لە عێراق خۆیان کوشتووە.

ھەواڵی زیاتر