سەنتەری مافەکانی مرۆڤ: 38 هەزار بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق دەستگیر کراون

سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا 38 هەزار بازرگان و بەکاربەری ماددەی هۆشبەر لە عێراق دەستگیرکراون. هەروەها زۆرترین بازرگانیکردن بەماددەی هۆشبەری کریستاڵە و دواتر کاپتاگۆن دێت.

سەرۆکی سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، فازڵ غەراوی، ڕایگەیاند،  بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ماوەی سێ ساڵدا 38 هەزار بازرگان و بەکاربەری ماددە هۆشبەرەکانی دەستگیر کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ساڵی 2022، 17 هەزار بازرگان و بەکاربەری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراوە کە 123 کەسییان بیانیی بوونە، هەروەها بڕی ئەو کەرەستەی دەستی بەسەردا گیراوە نیو تۆن لە هەموو جۆرەکانی ماددەی هۆشبەر بووە، لەگەڵ 18 ملیۆن حەب.

غەراوی باسی لەوەش کرد، ساڵی 2023، حەوت هەزار بازرگان و بەکاربەری ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراوە و 12 تۆن ماددەی هۆشبەریش دەستی بەسەردا گیراوە. دەشڵێت: لە ساڵی 2024دا، حەوت هەزار بازرگان و باکاربەری ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کراون، هەروەها دەستبەسەرداگرتنی (12) تۆن ماددەی هۆشبەر و مادەی دەروونی.

سەرۆکی سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ڕێژەی مامەڵەکردنی خراپ لە ناوچە هەژار نیشینەکاندا گەیشتووەتە 17% و هەروەها تەمەنی تۆمەتباران لە نێوان 15-30 ساڵی بووە.

زۆرترین ماددەی خراپی هۆشبەری بەکارهێنراو لە عێراق بریتی بووە لە کریستاڵ کە 37.3%، بووە، هەروەها کاپتاگۆن 34.35% و جۆرەکانی دیکە 28.35% بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵی 2022دا، پێنج هەزار تۆن ماددەی هۆشبەر و ماددە دەروونیەکان و 54 ملیۆن حەبی هۆشبەر و 31 هەزار دەرزی و نۆ هەزار بوتڵی ماددەی هۆشبەر لەناوبراون.

سەرۆکی سەنتەرەکە جەختی کردەوە، لە ساڵی 2023دا، بڕی دوو تۆن و 118 کیلۆ و 396 گرام ماددەی هۆشبەر، هەروەها چوار ملیۆن و 934 هەزار، 132 حەبی ماددە هۆشبەرەکان لەناوبراون.

سەبارەت بە ساڵی 2024، غەراوی گوتی: بڕی 42 کیلۆ و 322 گرام و 380 میلیگرام ماددەی هۆشبەر لەناو براون، هەروەها 772 حەبیش لەناوبراوە.

لە کۆتایی قسەکانیدا غەراوی داوای لە حکوومەت کرد ڕۆژی 26ـی حوزەیرانی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی نیشتمانی بۆ خۆپاراستن لە مەترسیی ماددە هۆشبەرەکان دیاری بکات، هاوکات داوای کرد هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ ڕێگریکردن لە مەترسی ماددە هۆشبەرەکان دەست پی بکات، هەروەها بەهێزکردنی هاوکاری نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، و یاسای ماددە هۆشبەرەکانیش هەموار بکرێتەوە.

ھەواڵی زیاتر