قەیرانی بێ کارەبایی بەرۆکی عێراق دەگرێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هەرچەندە هێشتا مانگە تاقەتپڕووکێنەکانی هاوین لە عێراق دەستی پێ نەکردووە، بەڵام قەیرانی بێ کارەبایی بەرۆکی عێراقی گرتووە و پێشبینی دەکرێت هاوینی ئەمساڵ بۆ عێراقییەکان سەختر لە ساڵانی ڕابردوو بێت. بەرهەمی کارەبای عێراق زۆر لە پێداویستییەکان کەمترە و گەندەڵی و خەریکبوونی حکوومەت و بەرپرسانی باڵای عێراق بە پرسە لاوەکییەکان، کێشە سەرەکییەکانی خەڵکی پشتگوێ خستووە.

هەموو وڵاتێک ساڵ بە ساڵ قەبارەی پێداویستییەکانی بە کارەبا بەرز دەبێتەوە و هۆکارەکەش پێوەندی بە زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و پەرەسەندنی شارەکان و لە هەمان کاتدا ژمارەی کارگەکانی پیشەسازی و بوارەکانی تری بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری هەیە. ئەگەر وڵاتێک بخوازێت هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو پێداویستییەکانی کارەبا بۆ خەڵک دابین بکات دەبێت ڕێک بە قەبارەی بەرزبوونەوەی داخوازی، بەرهەمهێنان زیاد بکات ئەمە لە کاتێکدا کە وڵاتەکە لە دابینکردنی وزە بە خۆبژێوی گەیشتبێت و بیست و چوار سەعات کارەبا دابین بکات.
عێراق لەبەردەم دوو کێشەدایە یەکەمیان ئەوەیە کە نەیتوانیوە پێداویستییەکانی کارەبا دابین بکات و ئەو کارەبایەی لە عێراق بەرهەم دێت لە قەبارەی داخوازی زۆر کەمترە. بەپێی ئاماری ساڵی ڕابردوو عێراق ڕۆژانە نۆزدە هەزار مێگاوات کارەبای بەرهەم دەهێنا بەڵام قەبارەی داخوازی بیست و نۆ هەزار بوو و دەبوایە دە هەزار مێگاواتی تر بەرهەم بێنێت تا بیست و چوار سەعات کارەبا دابین بکات.
دواین ئاماری وەزارەتی کارەبای عێراق دەری دەخات کە قەبارەی پێداویستییەکانی عێراق بە کارەبا لە بیست و نۆ هەزار مێگاواتەوە بۆ چل و نۆ هەزار مێگاوات کارەبا زیادی کردووە بەڵام بەرهەمهێنان لەوانەیە تەنیا چەند هەزارێک گۆڕانکاری بەسەردا هاتبێت و دەرەنجامەکەی ئەمساڵ خراپتر لە پارە.
ئەگەر ساڵی ڕابردوو قەبارەی بەرهەمهێنان بەراورد بە قەبارەی داخوازی سەرووی شەست و پێنج لەسەدا بووبێت ئەمساڵ بۆ خوارووی پەنجا لەسەدا دابەزیوە.
زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق ڕای گەیاندووە کۆمەڵێک پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە جێبەجێکردندان کە هەندێکیان وێستگەی گازی و هەندێکیان وزەی پاکن و ئەگەر تەواو بکرێن ئەوا نزیکەی هەشت هەزار مێگاواتی تر بە تۆڕی کارەبا زیاد دەکەن بەڵام ئەگەر ئەو پڕۆژانەش تەواو بکرێن ئەوجا قەبارەی پڕکردنەوەی پێداویستییەکان دەگاتە پەنجا و پێنج لەسەدا بە مەرجێک پێداویستی زیاتر نەکات و هێشتا کەمتر لە دوازدە سەعات پچڕانی کارەبای دەبێت.
کۆمەڵێک هۆکار کاریگەرییان هەبووە لەوەی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق نەتوانن پڕۆژەکانی پێوەندیدار بە کارەبا لە کاتی خۆیاندا جێبەجێ بکەن و لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵکدا وزەی کارەبایان پێ دابین نەکرێت. یەکەم هۆکار پێوەندیدارە بە گەندەڵیی دامەزراوەکانی حکوومەت و ساڵانە بە ملیاران دۆلار لە داهات و سامانی وڵات بەهۆی گەندەڵیی نەمێنێت.
لە دوو دەیەی ڕابردوودا بە سەدان ملیار دۆلار خەرج کراوە بەڵام دیار نییە ئەو هەمووە بودجەیە بە چی دراوە، خۆ جگە لە کارەبا کەرتەکانی تری وەک شەقام و ڕێگاوبان و گواستنەوەش هەر بە کۆنیی ماونەتەوە و سیمای شارەکانی عێراق بەو شێوەیە نەگۆڕدراوە شایانی باس بێت.
بەدەر لەمە عێراق پرسی خزمەتگوزارییەکانی نەکردووەتە خەمی سەرەکیی خۆی و زیاتر گرنگی بە بەهێزکردنی گرووپە میلیشیاکان داوە و دەستی وڵاتان لە کاروباری ناوخۆی ئاوەڵا کردووە کە پێچەوانەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانە. لە ناوخۆیش تەواوی عێراقی بە هەرێمی کوردستان خەریک کردووە و ئەوەندەی لەبیری ئەوەدایە زیان بە ئابووری و ژێرخانی ئابووریی هەرێم بگەیەنێت ئەوەند لە بیری ئەوەدانییە لانی کەم قەبارەی خزمەتگوزارییەکانی خۆی بگەیەنێتە ئاستی کوردستان و بە هاوکاری کوردستان بۆ ببڕکردنی سەرجەم کێشە و قەیرانەکانی عێراق هەنگاو بنێت.
عێراق لە دابینکردنی سووتەمەنیش کێشەی هەیە و جگە لەوەی کە بەشێک لە بەرهەمی کارەبا لە ئێرانەوە هاوردە دەکات، لە بەشی زۆری وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەباشی پشت بە گازی هاوردە دەبەستن. ساڵانە بە ملیاران دۆلار بۆ کڕینی ئەو دوو بەرهەمە بۆ دەرەوە دەڕوات لە کاتێکدا هەر ئەو پارانە دەیانتوانی عێراق لە کارەبا و گازی دەرەکی بێنیاز بکەن.
ئەمەریکا چەند جارێک مۆڵەتی هاوردەکردنی گازی ئێران بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای عێراق درێژ کردووتەوە، بەڵام هۆشداریشی داوە ئەو درێژکردنەوانە تا سەر نابن و دەبێت حکوومەتی عێراق لە بەرهەمهێنانی کارەبا پشت بە سەرچاوە ناوخۆییەکان ببەستێت .
ئەگەر حکوومەتی عێراق بە جیددی بیر لە دابینکردنی کارەبا و ڕێگریکردن لەو قەیرانە نەکاتەوە مەترسی ئەوە لە ئارادایە قەیرانەکە بکرێتە بیانوو بۆ سەرهەڵدانی خۆپێشاندان و ئاڵۆزیی نوێ لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و دۆخەکە لە کۆنترۆڵی دەسەڵات دەرچێت.

ھەواڵی زیاتر