بێ کارەبایی بڕستی لە عێراقییەکان بڕیوە

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دۆخی کارەبا لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق تادێت خراپتر دەبێت؛ بەجۆرێک، بەشێک لەناوچەکان بۆ چەند ڕۆژێک کارەبایان دەبڕێت.

لای خۆیەوە حزبی شیوعی عێراقی لەڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: سەرباری خەرجکردنی دەیان ملیار دۆلار بەڵام دۆخی کارەبا خراپتر بووە، هەربۆیە داوای خۆپیشاندانی فراوانی خەڵکی عێراق دژی کەسانی گەندەڵ و دۆخی کارەبا دەکەین.

چەند ڕۆژێکە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق پێگەی یەکەمیان لە ڕیزبەندی گەرمترین شارەکانی جیهان گرتووە. لە هەندێک پارێزگای وەک زیقار، پلەی گەرمای 51 پلەی سیلیزی تێپەڕاندووە، بەو حاڵەشەوە دۆخی کارەبای هاووڵاتیان لەوپەڕی خراپیدایە و هەندێک جار بە چەند ڕۆژ کارەبایان دەبڕێت، ئەوە سەرباری نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی دیکە.

لای خۆیەوە مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی عێراقی راگەیەندراوێکی لەسەر خراپی دۆخی کارەبا بڵاوکردووە و تیایدا داوای خۆپیشاندانی فراوان دژی کەمی کارەبا دەکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی عێراقدا هاتووە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کێشەی سەرەکی هاووڵاتیانی عێراق نەبوونی کارەبایە، حکومەتیش هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ چارەکردنی ئەم کێشەیە نەناوە، بەڵێنەکانیان ناچنە بواری جێبەجێ کردنەوە.

حزبی شیوعی عێراقی ئاماژە بەوە دەدات، ملیاران دۆلار بۆ کەرتی کارەبا تەرخان کراوە، بەڵام وێستگەی نوێ بنیات نەنراون، بەرپرسانی تەنها بە ژمارە ئاماژە بەزیادبوونی کاتژمێرەکانی کارەبا دەکەن، بەپێچەوانەوە کاتژمێرەکانی بڕینی کارەبا زیادی کردووە.

جیاوازی لەپێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا لەناوچە جیاوازەکان دەکرێت، بەشێک لە بەرپرسان لەگەڵ خاوەن مۆلیدەکان دەستیان تێکەڵکردووە و بەم شێوەیە قازانجی گەورە دەکەن.

حیزبی شیوعی عێراقی دەشڵیت، ویستی رژد و نەتەوەیی نییە، بەپێچەوانەوە چارەکردنی کێشەی کارەبا ئەستەم نییە. لەم ڕوانگەیەوە داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی عێراق دەکەین بەشێوەیەکی ئاشتیانە خۆپیشاندان دژی خراپی سیستەمی کارەبا ئەنجامبدەن، هەروەها داوای لێکۆڵینەوە لە بەرپرسە گەندەڵەکان و بەهەدەردانی پارەیەکی زۆر لە کەرتی کارەبا بکەن، چونکە کێشەکانی ئەم کەرتە لەجێگەی ئەوەی کەم بکەن زیادیان کردووە.

ھەواڵی زیاتر