وەزارەتی پلاندانانی عێراق: بۆ چارەکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون، پێویستمان بە زیاتر لە دوو ملیۆن یەکەیە

وەزارەتی پلاندانان دووپاتی کردەوە کە عێراق پێویستی بە زیاتر لە دوو ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی نیشتەجێبوون.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی “سەباح”ـی فەرمی، محەممەد عەبدولزەهرا هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان ڕایگەیاندووە، “نیەتێکی جددی هەیە بۆ پەرەپێدانی ڕێگەچارە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون لە چوارچێوەی ماوەیەکی دیاریکراودا”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “بەپێی داتاکان ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتووەتە 43 ملیۆن کەس، بەلایەنی کەمەوە پێویستمان بە دوو ملیۆن یان دوو ملیۆن و 500 یەکەی نیشتەجێبوون دەبێت بۆ هاووڵاتیان، بۆ ئەوەش ئاڕاستەیەک هەیە بۆ دروستکردنی شانزە شاری نیشتە جێبوون، کە سێ لەوانە لە پارێزگای بەغدان، کە شاری جەواهیرییە وعەلی وەردی و شاری سەدری نوێیە.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی پلاندانان جەختی کردەوە، “ئەو شارانە پێکدێن لە ژمارەیەکی زۆر لە یەکەکانی نیشتەجێبوون کە لە سی هەزارەوە دەست پێدەکات تا زیاتر لە 120 هەزار، هەروەها هەموو پێداویستیەکان و سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی تێدا دروست دەکرێت.

هینداوی ڕوونیشیکردەوە، دابەشکردنی شارەکان بەم شێوەیە دەبێت: شاری جەواهیری، بە توانای 30 یان 35 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون، کە لە ڕۆژئاوای بەغدایە، شاری عەلی وەردی، 120 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی تێدا دروست دەکرێت، هەروەها شاری سەدری نوێش، 70 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە خۆ دەگرێت، و زۆربەی ئەم پڕۆژانەش پڕۆژەی وەبەرهێنانن، واتە پارەی دەوڵەتی تێناچێت.

ھەواڵی زیاتر