کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق، لەسەر كۆمەڵگە زیاتر دەردەکەون

کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق، لەسەر سەقامگیریی ئاسایش و كۆمەڵگە زیاتر دەردەکەون و دەبنە مایەی کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو، ئاوارەبوون و کۆچی نێوخۆیی، ئەمانەش ئەمەش گۆڕانی دیموگرافیایان لێ دەكەوێتەوە.

عێراق لاوازترین وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە بەرامبەر هەڕەشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا. ئەو ڕەوتەی گۆڕانی کەشوهەوا کە لە عێراق دا هەیە، حەوت هێندە خێراترە لە ڕەوتە جیهانییەکەی گۆڕانی کەشوهەوا.

کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و مەترسییە ئەمنییەکانی پەیوەست بەوەوە، لە سەرانسەری عێراقدا دەستیان پێ کردووە.

بەرزبوونەوەی ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوا، وەک بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، وشکەساڵی و بیابانبوون لێکەوتەی ترسناک و جۆراوجۆری لێ کەوتووەتەوە، لەوانە کەمی ئاو و ئاوارەبوون لە وشکبوونەوەی زۆنگاوەکانی باشووری وڵات و گوندەکانی کەنار ڕووبارەکان لە پارێزگای دیالە.

سەلمان محەممەد، ژینگەپارێز لە عێراق، دەڵێ، گۆڕانی کەشوهەوا و خراپی ڕەوشی ژینگە، وردە وردە قەیرانی کۆمەڵایەتی، ئەمنی، گۆڕانکاریی دیمۆگرافی گەورە و مەترسیداری لێ دەكەوێتەوە. هۆشیاریی حکوومەتی و سیاسیی، بۆ ئەم کێشەیە لەم ماوەیەی دواییدا زیادی کردووە، بەڵام ڕێوشوێنەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردە مەترسیدارە هێشتا لاوازن.

ئەم ژینگەپارێزە دەشڵێت، مەترسییەكانی گۆڕانی كەشوھەوا ھیچی كەمتر نییە لە مەترسییەكانی تیرۆر، بەتایبەتی کە بووەتە هۆی کۆچی هەزاران خێزان لە ناوچە ڕەسەنەکانیانەوە بۆ ناوچەکانی دیکە. ئەمە جگە لە كاریگەرییەكانی لەسەر ئاسایشی خۆراک و ئابووری و ئەو كاریگەرییە خراپەی لەسەر دەروون و چینی كەمدەرامەتی كۆمەڵگە جێ ھێشتووە.

گۆڕانی كەشوھەوا تاوەكوو ئێستا چەندین لێكەوتەی مەترسیداری ھەبووە، لەوانە كه‌مبوونه‌وه‌ى ئاوى سه‌ر زه‌وى و ژێر زه‌وى، لاوازبوونى ئاسايشی خۆراك، زيادبوونى كۆچ له‌ شوێنه‌ زيانبه‌ركه‌وتووه‌كانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانى ديكه‌ى عێراق و هه‌رێمى كوردستان. ئه‌مه‌ وێڕاى تێكچوونى ئاسايشى كۆمه‌ڵگە، زيادبوونى رێژه‌ى بێكارى و هه‌ژارى، زيادبوونى كێشه‌ى ته‌ندروستى و كاره‌ساتى سروشتى و چه‌ندين لێكه‌وته‌ى دیكە.

ھەواڵی زیاتر