حکوومەتی عێراق پشووی جەژنی قوربانی ڕاگەیاند

حکوومەتی عێراق بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە بۆ ماوەی یەک هەفتە، پشووی لە دامودەزگاکانی ڕاگەیاند.

ڕۆژی سێشەممە (4ـی حوزەیرانی 2024) نووسینگەی ڕاگەیاندنی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە: بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە لە ڕۆژی یەکشەممە (16ـی حوزەیرانی 2024) تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممەی دوای ئەو وادەیە، لە هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەت دەبێتە پشووی فەرمی.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ڕۆژی یەکشەممە (23ـی حوزەیرانی 2024) دەوامی ئاسایی لە هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەت دەست پێ دەکاتەوە.

هەرچەندە تاوەکوو ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان دیاری نەکراوە کە دەکاتە 10ـی زولحیجەی 1445ـی کۆچی، بەڵام بەپێی پێشبینییەکان چاوەڕێ دەکرێت ڕۆژی (15ـی حوزەیرانی 2024) حاجییانی لەسەر کێوی عەرەفە لە سعوودیە بوەستن و ڕۆژی دواتریش ببێتە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان.

هاوکات ئەم پشووانە تایبەتن بە دامودەزگاکانی حکوومەتی عێراق و چاوەڕێ دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پشووی جەژنی قوربان لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان ڕابگەیەنێت.

ھەواڵی زیاتر