خەڵکی بەسرە لە حکوومەت تووڕەن و داوای پێداچوونەوە بە یاسای بودجە دەکەن

بڵاوبوونه‌وه‌ی ورده‌كارییه‌كانی بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان و كه‌مكردنه‌وه‌ی پشكی پارێزگای به‌سره‌ له‌ بودجه‌دا، خه‌ڵكی ئه‌و پارێزگایه‌ی توڕو نیگەران كردووه‌.

دانیشتووانی بەسرە ده‌ڵێن، پارێزگاكه‌یان كه‌ شاده‌ماری ئابووریی عێراقه‌، چاوه‌ڕێی زیادكردنی پشکی پەرەپێدانیان دەکردن نه‌ك كه‌مكردنه‌وه‌ی.

هەروەها گلەوگازندە لە پەککەوتنی چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری دەکەن کە بەشێکیان بەردی بناغەشیان دانەنراوە و هەندێکیش هەر بە نیوەچڵی جێهێڵدراون.

خەڵکی بەسرە داوا له‌ حكوومه‌تی فیدراڵ ده‌كه‌ن، پێداچوونه‌وه‌ یاساکەدا بکات و هەڕەشەش دەکەن چیتر نادادپه‌روه‌ری قبووڵ ناکەن.

ئێستا تووڕه‌یی خەڵکی ئه‌و پارێزگایه‌ی خۆپیشاندانی بەدواداهاتووە و داوای پێكهێنانی هه‌رێمی به‌سره‌ دەکەن و دەڵێن، پشكی پارێزگاکەیان‌ له‌ بودجه له ‌ئاست چاوه‌ڕوانییه‌كاندا نه‌بووە.

محه‌مه‌د ریاز، دانیشتووی بەسرە دەڵێ “به‌بیستنی ئه‌م هه‌واڵه‌ تاسام، ئه‌مه‌ نادادپه‌روه‌رییه‌ به‌رانبه‌ر به‌سره‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ی دەکرێت، ئێمه‌ چاوه‌ڕێ بووین پشكی پارێزگاكه‌مان زیاد بكرێت نه‌ك كه‌م بكرێته‌وە، ئێمه‌ بێئومێد بووین و نازانین ئه‌و پرۆژه‌ وه‌ستاوانه‌ چییان به‌سه‌ر دێت”.

دانیشتووێکی دیکەی شارەکەش بە ناوی مسته‌فا ئه‌حمه‌د، دەڵێ “كه‌مكردنه‌وه‌ی بودجه‌ی به‌سره‌ مانای نه‌مانی پڕۆژه‌كان‌ و دواجار وه‌ستانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و وه‌به‌رهێنانه‌، له‌كاتێكدا كه‌ به‌سره‌ شاده‌ماری ئابووریی عێراقه‌، پێویسته‌ حكوومه‌تی سوودانی ڕوونكردنه‌وه بدات، چونكه‌ ئه‌مه‌ نادادپه‌روه‌رییه‌ و قبووڵ ناكرێت”.

كه‌مكردنه‌وه‌ی بودجه‌ی بەسرە وه‌ك گورزێك بۆ سه‌ر پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كانی ده‌بینرێت، به‌ڵێنه‌كانی ئیداره‌ی ئه‌و پارێزگایه‌ش بۆ پیشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری، له‌گه‌ڵ ئاشكرابوونی ورده‌كاری بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان ده‌بێته‌ خه‌ونێكی به‌دینه‌هاتوو.

خالید ته‌میمی کە خاوه‌ن كۆمپانیایە دەڵێ “ئه‌و پڕۆژانه‌ی له‌ به‌سره‌ هه‌بوون، ده‌رفه‌تی كاریان بۆ نزیكه‌ی 200 هه‌زار گه‌نج ڕه‌خساندبوو، ئێستا به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی پشكی به‌سره‌ له‌ بودجه‌، هه‌م پڕۆژه‌كان ده‌وه‌ستن، هه‌میش ئه‌و هەموو گه‌نجانە‌ بێكار ده‌مێننه‌وه‌. ده‌بێت حكوومه‌تی عێراق به‌ بڕیاره‌كه‌یدا بچێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مانه‌ هه‌موویان پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزارین”.

هەروەها شاكر عامری ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای به‌سره‌ بە هەمانشێوەی ناڕەزایی دەردەبڕێت و دەڵێ  “كه‌میی پشكی به‌سره‌ له‌ بودجه‌دا كاریگه‌ری نه‌رێنیی له‌سه‌ر پڕۆه‌كان ده‌بێت، له‌كاتێكدا چاوه‌ڕێ ده‌كرا ده‌ست به‌ پڕۆژه‌ی نوێ بكرێت، كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ژیانی هاووڵاتانه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌موو حكوومه‌ته‌كانی عێراق ده‌ڵێن به‌سره‌ سته‌ملێكراوه‌، به‌ڵام له‌ ئه‌رزی واقیعدا مافه‌كه‌ی ناده‌ن. به‌سره‌ له‌ سه‌ره‌تاییترین خزمه‌تگوزاری بێبه‌شه‌، تاوەکوو كه‌ی خه‌ڵكی به‌سره‌ ئاوی سوێر بخواته‌وه‌، تا ئێستاش له‌هه‌ندێك شوێن قوتابییه‌كانمان له ‌ناو كابینه‌دا ده‌خوێنن”.  ‌

دوای ڕاگه‌یاندنی پشكی به‌سره‌ له‌ بودجه‌، تەواوی چین و توێژە جیاوازەکانی ئه‌و پارێزگایه‌ نیگەران و تووڕە کردووە و هاووڵاتیانی بێ ئومێدی خۆیان دەردەبڕن، كه‌ پێشتر هیوایان له‌سه‌ر بودجه‌ هه‌ڵچنیبوو، بۆ ته‌واوكردنی پڕۆژه‌ وه‌ستاوه‌كانیان، كه‌ پارێزگاكه‌یان بووه‌ته‌ ڕووگەیەکی گه‌شتیاریی ئابووریی له‌ عێراق.