ئیمپراتۆری مێدیای جیهانی لە تەمەنی 93 ساڵیدا ژنی پێنجەمی هێنا

ئیمپراتۆری مێدیای جیهانی و بنیادنەری مێدیای ئەمەریکی، ڕۆپەرت مۆرداک کە بە ڕەچەڵەک ئوسترالییە لە تەمەنی 93 ساڵیدا پێنجەمین ئاهەنگی ژنهێنان دەگێڕێت و ژیانی هاوبەش لەگەڵ ژنێکی 26 ساڵ لەخۆی بچووکتر پێک دەهێنێت.

مۆرداک، یەکێکە لە ملیاردێرەکانی ئەمەریکا و بە زەماوەندی لەگەڵ خاتوو ئێلینا جۆکۆڤای 67 ساڵ کە بەڕەچەڵەک ڕووسییە، دەنگدانەوەی لە نێو مێدیاکانی ئەمەریکا دروست کردووە.

بە گوێرەی ڕۆژنامەی “دەیلی مەیڵ”ی بەریتانی، مۆرداک و بووکەخان لە بۆنەیەکی خێزانی یەکتریان ناسیوە کە وێندی دێن، ژنی سێیەمی مۆرداک ڕێکی خستبوو، هەرچەندە لەیەکتریش جیابوونەتەوە، دوای یەکترناسینەکە لە ئاداری ڕابردوودا مارە بڕینەکەیان کردووە.

ئێلینا جۆکۆڤا، هاوسەری پێشووی ملیاردێری ڕووسی، ئەلێکساندەر خۆکۆڤ بووە کە وەبەرهێنان لە کەرتی وزەدا دەکات.

ڕۆپەرت مۆرداک لە ساڵی 1930 لە دایکبووە و سەرەتای وەبەرهێنانی لە کاری مێدیایی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1952 کە لە ئوسترالیا ڕۆژنامەی باوکی بە میرات بۆ دەمێنێتەوە دواتر دەستی بە کڕینەوەی دوو ڕۆژنامەی ناوخۆیی کردووە، پاشان یەکەم ڕۆژنامەی بە ناوی زە ئوسترالیانی دامەزراند و بووە هۆی ئەوەی حکوومەتەکان ئاسانکاری لە یاساکانی کاری مێدیاییدا بکەن.

بۆ چەند دەیە مۆرداک چەند مێدیایەکی لە بەریتانیا و ئەمەریکا دامەزراندووە لەوانە ڕۆژنامەی تایمز لە لەندەن و واڵ ستریت جۆرناڵ لە ئەمەریکا بووە.

هەروەها مۆرداک هەوڵی داوە بچێتە ناو بازرگانیی کەناڵە تەلەفزیۆنەکانەوە، بەڵام بەهۆی شکستهێنانی لە مەزادکردنی مۆڵەتی پەخشکردن لە مانگی دەستکردی حکوومەتی بەریتانیا، سەرکەوتوو نەبوو. دواتر لە لوکسەمبۆرگ کەناڵی سکای دامەزراند و بەخش و پرۆگرامەکانی ئاراستەی بەریتانیا دەکرد.

ڕۆپەرت مۆرداک بە کڕینەوەی کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان ڕەگەزنامەی ئەمەریکی پێدرا و لە ساڵی 1996 دامەزراوەی مێدیایی فۆکس نیوزی دامەزراند تاوەکوو لە پاییزی ڕابردوو لە ئەرکی سەرۆکی کۆمپانیای دایک کە خاوەندارێتی فۆکس نیوز و خاوەندارێتی نیوز کۆرپ کشایەوە و بەرپرسیارێتییەکانی بۆ منداڵەکانی جێهێشت.

مۆرداک بە ئیمپراتۆری مێدیای جیهانی لە قەڵەم دەدرێت و زیاتر 800 کۆمپانیای مێدیایی لە 50 وڵاتدا هەیە و سەرمایەکەی بە چەندان ملیار دۆلار مەزندە دەکرێت.

ھەواڵی زیاتر