شارەوانی هەولێر پووش و پەڵاش لا دەبات

بەڕێوەبەری شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند، لەسەر داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی هەولێر دەست کراوە بە لابردنی پووش و پەڵاشی شاری هەولێر و دەوروبەری.

یەکشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2024، کارزان هادی، بەڕێوەبەری شارەوانیی هەولێر، ڕاگەیاند، بارانی ئەمساڵ گژوگیای زۆری ڕواندوە و لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا وشک بوونەتەوە، بۆیە ئێمەش لەبەر مەترسی ئاگرکەوتنەوە و ڕووداوی نەخوازراو، هەڵمەتێکی پاکردنەوەی ئەو پووش و پەڵاشانەمان دەست پێ کرد، تاکو هەمووی لابەرین و هەولێر خاوێن بکەینەوە، ئەویش لەسەر داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی کە مانگانە بۆی تەرخان دەکرێت، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکان و هەر نۆ بەڕێوەبەرایەتییەکەی شارەوانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی خاوێنکردنەوە، هەماهەنگی بۆ دەکرێت.

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: “ئەوەی سنووری شارەوانی ئێمە بێت، کە پێک دێت لە چەند شوێنێکی جیاواز، وەک شەقامی 120 مەتری و  150مەتری کە پووش و پەڵاشێکی زۆری هەبوو، %80 مان تەواو کرد، ئێستە %20ـی ماوە بەم نزیکانە ئەویش تەواو دەکرێت”.

ئاماژەی بەوەش دا، “زیاتر سەرنجمان خستە سەر ئەو شوێنانەی کە دار و درەختیان لێیە، بۆیە لە هەر حاڵەتێکدا دار و درەختەکەی دەسووتان، زیانی پێ دەگەیاندن و ژینگەشی پیس دەکرد”.

کارزان هادی دەشڵێت، “ئەو شەقام و کۆڵانانەی کە چاڵ و شکستییان زۆرە لەسەر خەرجی پارێزگای هەولێر و خەرجی داهاتی %15ـی سەرۆکایەتیی شارەوانی بۆی تەرخان دەکرێت و لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی هەر شەش بەڕێوەبەرایەتییەکە بەردەوام کارییان بۆ چاکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ئەو شەقامانە دەکرێت”.

سەبارەت بە نۆژەنکردنەوەی شەقامی 100 مەتری بەشی نەخۆشخانەی ڕۆژئاوا، کارزان هادی ڕایگەیاند، لە پلانی ساڵی 2024مانە لە کارە هەرە سەرەتاییەکانە، بەڵام بەهۆی کێشەی دارایی حکوومەتیی عێراق گرفتی بۆ ئێمە دروست کردووە، بووەتە هۆکار کە پڕۆژەکان دوا بخرێت، لەگەڵ چارەکردنی گرفتی دارایی ئەو گرفتانەش دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە”.

ھەواڵی زیاتر