لە نەینەوا قەرەباڵخییەکی زۆر لە ناوەندەکانی وەرگرتنی گەنم دروستبووە

قەرەباڵخییەکی زۆر لەبەردەم ناوەندەکانی وەرگرتنی گەنم لە پارێزگای نەینەوا دروستبووە، بەتایبەتی لە سایلۆی مەخموور.

عەبدوڵڵا حەمۆ، یاریدەدەری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی نەینەوا، رۆژی شەممە 01-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، “لە ناوەندەکانی وەرگرتنی گەنمی پارێزگای نەینەوا ریزێکی دوورودرێژ هەیە و رادەستکردنی گەنم دوادەکەوێت، ئەوەش جووتیارانی سنوورەکەی نیگەران کردووە.”

حکومەتی عێراق ئەم ساڵ هەر تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار وەردەگرێت. بەپێی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەم ساڵ عێراق نزیکەی حەوت ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دەهێنێت، کە زۆرترینە لە مێژووی وڵاتەکەدا.

بە گوتەی یاریدەدەری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی نەینەوا، “گۆڕەپانەکانی وەرگرتنی گەنم سنووردارە، بەرهەمیش زۆرە، ئەوەش پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی دواخستووە. جووتیاران هەفتەیەک لە ریز دەوەستن.”

ئەم ساڵ لە پارێزگای نەینەوا سەروو سێ ملیۆن و 670 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە و پێشبینی دەکرێت بەرهەمەکەی بگاتە سەروو ملیۆنێک و 900 هەزار تۆن.

عەبدوڵڵا حەمۆ گوتی، ناوەندەکانی وەرگرتنی گەنم 24 کاژێر کار ناکەن؛ پێویست بوو گۆڕەپانەکانی وەرگرتنی گەنمیش زیاتر بن.

قەزای مەخموور بە دووری 65 كیلۆمەتر دەكەوێتە رۆژئاوای پارێزگای هەولێر و لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە، لە ناحیەکانی قەراج، دیبەگە، گوێڕ و مەلاقەرە پێکدێت.

یاریدەدەری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی نەینەوا دەڵێت: “زۆربەی قەرەباڵخییەکە لە مەخموور، دواتر وائیلییە و مشێرفەیە. بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەش لیژنەیەک بە بڕیاری پارێزگار پێکهێندراوە.”

رۆژی 29-05-2024 ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی و نوێنەری قەزای مەخموور لە پەرلەمانی عێراق، لەکاتی بەسەرکردنەوەی سایلۆی مەخموور و جووتیارانی ناوچەکە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: ” زیاتر لە هەزار و 700 بارهەڵگر ریزیان گرتووە.”

ئیخلاس دلێمی گوتیشی، “کێشەی گۆڕەپان هەیە؛ وەزارەتی بازرگانی گۆڕەپانێکی لە قەزای حەمدانییە بەکرێگرتووە کە 115 کم لە مەخموور دوورە، ئەوەش تێچووی دارایی زۆر دەخاتە سەر جووتیاران؛ خەرجی بارهەڵگر و گواستنەوە، ئەوە لەکاتێکدایە 5-6 گۆڕەپان لە قەزای مەخموور هەن و دەکرێ وەزارەتی بازرگانی گرێبەستیان لەگەڵ بکات.”