عێراق.. ئافره‌تێكی دیاری تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڕیاری زیندانیی هه‌تاهه‌تایی بۆ ده‌رچوو

سه‌رچاوه‌كان له‌ دادگه‌یه‌كی عێراقی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، دادگه‌ بڕیاری زیندانیكردنی هه‌تاهه‌تایی بۆ ئافره‌تێك ده‌ركردووه‌، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ فیگه‌ره‌كانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 29ـی ئایاری 2024) سه‌رچاوه‌كان بڵاویان كرده‌وه‌، دادگه‌ی تاوانه‌كانی ڕه‌سافه‌ بڕیاری زیندانیكردنی هه‌تاهه‌تایی بۆ هه‌دیل خالید عه‌بد ڕه‌شید ناسراو به‌ “ئوموللوول” ده‌كردووه‌، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ فیگه‌ره‌كانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ سه‌رنجیان بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشاوه‌، ناوبراو تۆمه‌تباره‌ به‌ بازرگانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان. ڕوونیشیان كردووه‌ته‌وه‌، دادگه‌  به‌ڵگه‌ی پێویستی خستووه‌ته‌ ڕوو، كه‌ “ئوموللوول” له‌ بازرگانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان تێوه‌ گلاوه‌.

پێشتر دادگه‌ی عێراقی له‌ 23ـی نیسانی ئه‌م ساڵدا، به‌ تۆمه‌تی “ناوه‌ڕۆكی ئاستنزم” بڕیاری چوار مانگ زیندانیكردنی بۆ “ئوموللوول” ده‌ركردبوو.

“ئوموللوول” له‌ سه‌ره‌تادا به‌ سه‌ماكه‌ر له‌ یه‌كێك له‌ یانه‌كانی شه‌وانه‌ ناوبانگی ده‌ركردووه‌، دواتر وه‌ك تیكتۆكه‌رێكی دیاری عێراق به‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تیكتۆك ده‌ركه‌وت و هه‌وادارێكی زۆری هه‌یه‌.