پلاندنانی عێراق: سەرژمێری گشتیی دادپەروەری لە دابەشکردنی داهات بەدی دەهێنێت

عەبدولزەهرە هنداوی گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێ: سەرژمێریی دانیشتووان و نیشتەجێبوون ڕووپێوییەکی دروست لە قەبارەی ڕاستەقینەی دانیشتووان لە تەواوی پارێزگاکان بە دەستەوە دەدات، بەمەش دەتوانرێت دابەشکردنێکی دادپەروەرانە لە داهاتدا بکرێت.

هنداوی، تایبەت بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراقی ڕاگەیاندووە، سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوون کۆڵەکەیەکی مەیدانییە بۆ چارەکردنی ئەو ناکۆکییانەی لە سەر ماف و شایستەی پارێزگاکان لە بودجەی گشتی هەیە، چونکە ئەنجامی پرۆسەکە دەبێتە فاکتەرێکی دادپەروەرانەی دابەشکردنی سامان لە نێوان پارێزگاکاندا، چونکە زۆربەیان سکاڵا لەو دابەشکارییە داراییە دەکەن کە ساڵانە لە کاتی پەسەندکردنی بودجەی گشتیی بۆیان تەرخان دەکرێت.

ئاماژەشی داوە، داتاکانی سەرژمێری بەرچاو ڕوونییەکی تەواو دەخەنە بەردەم وەزارەتەکان بۆ ئەوەی حکوومەت پلانەکانی و دابەشکردنی شایستە داراییەکان بۆ هەموو پارێزگاکان لە سەر دروست بنەمایەکی دروست لە بودجەی گشتیی دابڕێژێت.

ڕاشیگەیاندووە، وەزارەتی پلاندانان هەموو هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی بە گوێرەی پێوەرە زانستیی و نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی پیشەیی و مەیدانی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی بکات، بۆ سەرخستنی پرۆسەکەش تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ئەلیکترۆنی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی وردی و دروستی زانیارییەکان لە سەرووی %90 بێت.

وەزارەتی پلانانی عێراق 20ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی دیارکردووە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان و شوێنی نیشتەجێبوون لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان، بە گوێرەی پلانی داڕێژراو پرۆسەکە دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت و لە تەواوی دامەزراوەکانیش پشتووی فەرمی دەبێت.

ھەواڵی زیاتر