باسم عەوادی: کۆتایی هێنان بە ئەرکی یۆنامی لەسەر داوای حکوومەتی عێراق بووە

حكوومه‌تی عێراق پێشوازی له‌ بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ کۆتایی هێنان بە ئەرکی یۆنامی لە وڵاتەکەی ده‌كات و دووپاتی دەکاتەوە، کە ئەو بڕیارە لەسەر داوای ئەوان بووە.

ڕۆژی هەینی (31ـی ئایاری 2024) باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند: حکوومەتی عێراق پێشوازی لە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەیوەست بە کۆتایی هێنان بە ئەرکی یۆنامی دەکات و جەختی کردەوە: ئه‌ركی یۆنامی له‌ 31ـی کانوونی یەکەمـی 2025 كۆتایی دێت و، كۆتایی هێنان به‌ ئه‌ركی یۆنامی له‌سه‌ر داوای حكوومه‌تی عێراقه‌.

باسم عەوادی ئاماژە بەوەش کردووە: عێراق له‌سه‌ر ئاستی جیاواز پێشكه‌وتنی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌و، حکوومەتی عێراق ڕێز لە بڕیاری 2734 دەگرێت سەبارەت بە کۆتایی هێنان بە ئەرکی یۆنامی لە وڵاتەکەی.

ڕۆژی هەینی (31ـی ئایاری 2024)، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە کۆی دەنگ لەسەر داواکاری حکوومەتی عێراق، بڕیاریدا لە کۆتایی ساڵی 2025، کۆتایی بە ئەرکی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) بهێنێت.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، 8ـی ئایاری ئەمساڵ، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق نامەیەکی ئاراستەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد و داوای کردبوو کۆتایی بە ئەرکی یۆنامی لە عێراق بهێنرێت.

سوودانی داواشی کردبوو، ساڵی داهاتوو نەتەوەیەکگرتووەکان دەستبکات بە ڕێوشوێنەکانی داخستن و کۆتایی هاتنی ئەرکەکانی نێردەی نەتەوەیکگرتووەکان لە عێراق تاوەکوو لە کۆتایی 2025، بە فەرمی کۆتایی بە ئەرکەکانی یۆنامی بهێنرێت.

زیاتر لە 20 ساڵە، یۆنامی لە عێراقدا کاردەکات و سەرۆکی نێردەکەش نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانە و لە پرسە سیاسییەکاندا، ڕۆڵی هەبووە لە لێکنزیک بوونەوەی لایەنەکان و لە هەڵبژاردنەکانیشدا، وەک چاودێکی نێودەوڵەتی هاوکاری حکوومەتی عێراق بووە.

ھەواڵی زیاتر