عێراق.. کارکردنی منداڵان به ‌شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار له‌ هه‌ڵكشانه‌

ناوه‌ندی ستراتیجیی مافه‌كانی مرۆڤ له ‌عێراق ئاشكرای كردووه‌، زیاتر له‌ 200 ملیۆن منداڵ له ‌جیهاندا كه‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان 6 بۆ 17 ساڵیدایه،‌ له‌ بازاڕ و شوێنه‌كاندا كار ده‌كه‌ن، له‌و ژماره‌یه‌ عێراق ڕیزبه‌ندی چواره‌می جیهانی داگیر كردووه‌.

به‌هۆی ناله‌باری و ناسه‌قامگیریی دۆخی داراییه‌وه‌، به‌شی زۆری خێزانه‌كانی عێراق، منداڵه‌كانیان بۆ په‌یداكردنی بژێوی ڕۆژانه‌یان، ناچار به‌كاركردن ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ به ‌گوێره‌ی یاسای عێراقی، منداڵانی خوار ته‌مه‌ن 15 ساڵی قه‌ده‌غه‌یه‌ ناچار به‌ كاركردن بكرێن.

به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی لیژنەی رزگارکردنی نێودەوڵەتیی لە عێراق، ڕێژه‌ی منداڵانی كاركه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار له‌ هه‌ڵكشانه‌، كه‌ هۆكاریشه‌ بۆ وازهێنان له‌ خوێندن و بێبه‌شبوونیان له‌مافی منداڵێتی و مافه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانیان. له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، سه‌دا 85ی منداڵان له‌ كاتی كاركردن و لە شوێنی كاره‌كانیان هه‌ست به‌ ئارامی و سه‌لامه‌تی ناكه‌ن، هه‌ندێك جاریش له‌ شه‌قام و شوێنه‌كاندا ڕووبه‌ڕووی ده‌ستدرێژیی ده‌بنه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ هۆكانی پشت كاركردنی ناچاریی منداڵان؛ قاسم حوسێن، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی ده‌روونناسانی عێراق پێیوایه‌، هۆی سه‌ره‌كیی كاركردنی منداڵان بۆ ده‌رهاویشته‌كانی شه‌ڕی 1991 و 2003 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه ئه‌وكات‌ به‌هۆی سزا ئابوورییه‌كانه‌وه‌ 13 ملیۆن كه‌س به‌ده‌ست هه‌ژارییه‌وه‌ گرفتار بوون.

هاوكات، فازڵ غه‌ڕاوی، سه‌رۆكی ناوه‌ندی ستراتیجیی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عێراق ئاشكرای كردووه‌، زیاتر له‌ 200 ملیۆن منداڵ له ‌جیهاندا كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 6 بۆ 17 ساڵیدایه‌ له‌ بازاڕ و شوێنه‌كاندا كار ده‌كه‌ن و سه‌دا 80یان له‌ ڕه‌گه‌زی نێرن. له‌و ژماره‌یه‌ عێراق ڕیزبه‌ندی چواره‌می دوای یه‌مه‌ن، سوودان و میسر گرتووه‌، هه‌روه‌ها سه‌دا 4.9ی منداڵانی ته‌مه‌ن بچووك له‌ كه‌رته‌كانی پیشه‌سازی، كشتوكاڵ و خزمه‌تگوزارییه‌كاندا كارده‌كه‌ن، هۆكه‌شی بۆ بارودۆخی ئابووری و كه‌مبوونه‌وه‌ی داهات و به‌رزبوونه‌وه‌ی بێكاری و هه‌ژاریی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌‌.

هاوكات، حه‌سه‌ن عه‌بدولساحب به‌رپرسی هۆبه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كاركردنی منداڵان له‌ وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی عێراق ده‌ڵێت، به‌هۆی شه‌ڕ و ناكۆكییه‌كان و ئاواره‌بوونه‌وه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌و پارێزگایانه‌ی ڕووبه‌رووی شه‌ڕ و داگیركاری داعش بوونه‌وه‌، وای كرد ڕێژه‌ی كاركردنی منداڵان بۆ په‌یداكردنی بژێوی ژیان زیاد بكات. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ به‌ گوێره‌ی یاسای عێراقی، قه‌ده‌غه‌یه‌ منداڵ له‌خوار ته‌مه‌نی 15 ساڵی كاربكات و سزای پێبژاردنی دارایی و شه‌ش مانگ به‌ندكردن دانراوه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌ رێكخراوی یونیسێف ڕایگه‌یاندووه‌، نزیكه‌ی ملیۆنێك منداڵ له‌ عێراق به‌ناچاری كارده‌كه‌ن. به‌ جۆرێك یه‌ك له‌سه‌ر سێی منداڵانی عێراق له‌ بارودۆخی سه‌ختی ئابووریدا ده‌ژین و بۆ په‌یداكردنی بژێوی خێزانه‌كانیان ناچارن كاربكه‌ن، به‌جۆرێك له‌ هه‌ر پێنج منداڵێكدا، منداڵێك به‌ ناچاری و بۆ بژێوی ژیان و ده‌سته‌به‌ركردنی پێداویستییه‌كانی كار ده‌كات.