گەڕێکی نوێی دوژمنکاری بەرانبەر ئەمەریکا و بەرژەوەندییەکانی لە عێراق دەست پێ دەکات

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

گەڕێکی نوێی دوژمنکاری دژی ئەمەریکا و بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق دەستی پێ کردووە و پێشبینی دەکرێ لە ئەگەری بەرفراوانبوون دۆخێکی تازە لە تەنگژە و ئاڵۆزی لە عێراق بێتە کایەوە کە ڕووداوەکانی بەر لە ساڵی ٢٠١١ بیر دەهێنێتەوە.

ململانێی ئەم جارەی بەشێک لە لایەنە توندەڕەوە عێراقییەکان و ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە سەری هەڵداوە کە بە دەرکردنی یاسایەک لە پەرلەمانی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەستی پێ کرد، یاساکە هەرگیز جێبەجێ نەکرا و لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و غەزە کەوتە ناو قۆناغێکی نوێوە.
بۆ ماوەیەک ململانێیەکی قووڵ لە نێوان ئەمەریکا و هێزە میلیشیاکان لە عێراق و ناوچەکە دەستی پێ کرد کە بەرەی مقاوەمە سەرکردایەتی دەکرد و ئەو ململانێیەش دوای چەند هێرشێکی دوو لایەنە بۆ سەر یەکتری و کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکی و دواتر وەڵامدانەوە و موشەکبارانی بنکەکانی میلیشیاکان لە چەندان ناوچەی عێراق کەمی کرد.
حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانی لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕۆڵی هەبووە لە کەمکردنەوەی ئەو گرژییانە و سەردانی ئەمدواییەی سوودانی بۆ ئەمەریکا تا ڕادەیەک لە ئاڵۆزییەکانی کەم کردەوە.
نزیکەی هەفتەیەکە گەڕێکی تری ململانێ و دوژمنکارییەکان لە نێوان ئەو گرووپانە و بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەستی پێ کردووە، دوژمنکارییەکە بە هێرشی دەمامکدارەکان بۆ سەر خواردنگەکانی براندی ئەمەریکا لە بەغدا دەستی پێ کردووە و بە نوێترین هەڵوێستی موقتەدا سەدر خەریکە درێژەی پێ دەدرێت.
لە ڕۆژی یەکشەمەوە کۆمەڵێک خواردنگەی ئەمەریکی لە عێراق بوونەتە ئامانجی دەمامکدارە چەکدارەکان و کۆمەڵێک گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو کراونەتەوە کە دەری دەخات خواردنگەکانی وەک ”کەی ئێف سی” و چەندین خواردنگەی دیکە هێرشیان کراوەتە سەر و هەرچەندە زیانی گیانییان نەبووە بەڵام زیانی مادیان بە خورادنگەکان گەیاندووە.
دەمامکدارەکان بە گرووپ هێرشیان کردووەتە سەر هۆڵی ڕێستۆرانتی ”کەی ئێف سی” و دوای شکاندنی کورسییەکان و زیان گەیاندن بە خواردنگەکان، بەر لە گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس هەڵاتوون.
رۆیتەرز ڕای گەیاندووە هۆکاری ئەو هێرشانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە براندە نێودەوڵەتییەکان لە ئەمەریکا پشتیوانییان لە ئیسرائیل کردووە و لە بەرانبەردا ئەو گرووپانەش بە ناوی پاڵپشتی لە فەلەستینییەکان دەیانەوێت تۆڵەی بستێننەوە.
عەبدولئەمیر شمری وەزیری ناوخۆی عێراق داوای هەندێک ڕێوشوێنی نوێی ئەمنی کردووە بەرانبەر ئەو هێرشانەی کراوتە سەر سێ خواردنگەی ئەمەریکی لە بەغدا.
لە لایەکی ترەوە دوێنێ سێشەممە موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراقی کرد و بە توندی هێرشی کردە سەر ئیسرئیل و کوشتنی خەڵکی سڤیلی ڕەفەحی سەرکۆنە کرد.
سەدر کە تا دوای ساڵێک بێدەنگی، گەڕاوەتەوە گۆڕەپانی سیاسی لە ماوەی ڕابردودا یاسایەکی لە قازانجی شیعە لە پەرلەمان تێپەڕاند بۆ ئەوەی پێگەی خۆی زیاتر قایم بکات و متمانەی جارانی خۆی بەدەست بهێنێتەوە و ئێستاش پێداگری دەکات لە دەرکردنی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و داخستنی باڵیۆزخانەکە بە ڕێگە دیپلۆماسییە کارپێکراوەکان، بەبێ ڕشتنی خوێن.
لە کاتێکدا داوای داخستنی باڵیۆزخانە دەکرێ کە بەشێک لە لایەنەکانی شیعە نەیانتوانیوە لە ویستی چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق سەرکەوتوو بن. بە لەبەرچاوگرتنی نزیکبوونەوەی لە هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و دووبارە دەرکەوتنی سەدر و کەڵەکەبوونی کێشە سیاسییەکانی تری عێراق، چاوەڕوان دەکرێ تەنگژەیەکی نوێی ئەمنی و سیاسی بەربینگی عێراق بگرێت.

ھەواڵی زیاتر