لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق هۆشداری لە دواکەوتنی ئەرکی هاوپەیمانان دەدات

لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنت، ئەگەر هەست بە دواکەوتن لە چارەکردنی پرسی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بکەن، هەڵوێستێکی “تووند و جیددی”ـیان دەبێت.

 ئەم ھەڵوێستەی ليژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق لە كاتێكدایە، بڕیارە کۆبوونەوەی داهاتووی ليژنەی باڵای هەماهەنگی سەربازیی عێراق و ئەمەریکا مانگی تەممووزی داهاتوو بەڕێوە بچێت.

ئامانج لە كۆبوونەوەكان هەڵسەنگاندنی هەڕەشەکانی داعش و توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق و گەیشتن بە ڕێککەوتنی دانانی وادەیەکە بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتیی ئەمەریكا.

كەریم محەممەداوی، سەرۆكی لیژنەكە دەڵێت، لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەنجامی دانوستانی نێوان بەغدا و واشنتۆن دەکەن و ئەگەر هەست بە هەر هەوڵێک بکەن بۆ دواخستن لە چارەکردنی ئەم پرسە، هەڵوێستێکی جیددییان دەبێت، بۆیە دەبێت خشتەی کاتی ڕوون و ئاشكرا هەبێت بۆ کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق.

محەممەداوی، ئاماژە بەوەش دەدات، “عێراق بەردەوامە لە دانوستانەکانی لەگەڵ لایەنی ئەمەریکی سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و كشانەوەی سەرجەم هێزە بیانییەكان”. ئەوەشی خستە ڕوو، چەند ڕۆژی داهاتوو کۆبوونەوەی نوێی تەکنیکی هاوبەشیی لیژنەی باڵای هەماهەنگی سەربازیی عێراق و ئەمەریکا بەڕێوە دەچێت.

لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان عێراق و ئەمەریکا بۆ دیاریکردنی سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش چەند جارێک کۆبوونەتەوە. لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ لەبارەی کارەکانی ئەو لیژنە لاوەکییە کراوە کە لە کانوونی دووەمی 2024ەوە دەست بە کار بووە و تاوتوێی ئەوە دەکەن چۆن ئەرکی هاوپەیمانی دژ بە داعش بە تێپەربوونی کات دەگۆڕێت بۆ هاوبەشیێکی ئەمنیی دوولایەنە.