مانگی یازدە دوای ٢٧ ساڵ سەرژمێری گشتی دەکرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بڕیارە لە ٢٠/١١ی ئەمساڵ لە دوای بیست و حەوت ساڵ پڕۆسەی سەرژمێری بەشێوەی ئەلیکترۆنی لە سەرتاسەری عێراق بکرێت، بەھۆی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردستانییەکان، کورد ترسی لە سەرژمێری ھەیە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی زیاتر لە نەوەد و دوو ھەزار ئاوارەی عەرەب لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە لە دوای ساڵی ٢٠١٤ـەوە ھاتوونەتە کەرکووک.

سەرژمێری گشتیی، نەخشەڕێگا و پلانی کاری دەوڵەتی لەسەر بنیات دەنرێت و بنەمایەکی سەرەکیشە بۆ کردنی پرۆسەی ھەڵبژاردن، چونکە تا ئامار و سەرژمێری نەبێت ڕەنگە نەتوانرێت وەک پێویست ھەڵبژاردنێکی دروست بکرێت، ھەروەھا لەڕێگای سەرژمێرییەوە، زانیاری پێویست لەسەر کۆی دانیشتوانان سەبارەت بە ڕەگەز، تەمەن، ئایین، ڕەوشی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی خێزان کۆدەکرێتەوە.
لە زۆربەی وڵاتان، ھەر دە ساڵ جارێک سەرژمێری گشتی دانیشتوانان دەکرێت، لە نێوان ساڵانی ١٩٢٧ تاوەکو ١٩٩٧، ھەشت سەرژمێری گشتیی لە عێراق کراون، ئەوانیش سەرژمێرییەکانی ساڵانی ١٩٢٧، ١٩٣٤، ١٩٤٧، ١٩٥٧، ١٩٦٥، ١٩٧٧، ١٩٨٧، ١٩٩٧، بە بۆچوونی شارەزایان لە عێراق، سەرژمێرییەکەی ساڵی ١٩٥٧، سەرکەوتووترین پرۆسەی سەرژمێرییە کە تا ئێستە لە عێراق کرابێت، ئەوەش لەبەر ژمارەیەک ھۆکار لەنێویاندا، تاقیکردنەوەی ئەزموونی بۆ پرۆسەکە لە ڕۆژی ١٤ حوزەیرانی ١٩٥٧، بەشداریکردنی نوێنەر و شارەزایان نەتەوە یەکگرتوەکان لە پرۆسەکە، ھەروەھا کردنی خولی ڕاھێنان بۆ فەرمانبەرانی فەرمانگەی ڕەگەزنامەی گشتیی و ھەڵمەتی فراوانی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بانگەشەکردن بۆ بەشداریکردنی ھاووڵاتییان لە پرۆسەکەدا، دابەشکردنی فۆرمی سەرژمێرییەکە بەسەر ھاووڵاتییاندا، بۆ ئەوەی خۆیان فۆرمەکە پڕ بکەنەوە، ھەر لەبەر ئەوەیە تا ئێستە لە عێراق کار بە سەرژمێرییەکەی ساڵی ١٩٥٧ دەکرێت، دوو سەرژمێری لەو ھەشت سەرژمێرییەی کە لە عێراق کراون، دانیان پێدا نەنراوە، یەکێکیان سەرژمێرییەکەی ساڵی ١٩٦٥، ئەوەی دیکەیش سەرژمێرییەکەی ساڵی ١٩٩٧، سەرژمێرییەکەی ساڵی ١٩٦٥ بەھۆی تێکچوونی دۆخی عێراق، سەرژمێرییەکەی ساڵی ١٩٩٧ بەشدارینەکردنی ھاووڵاتییانی پارێزگاکانی ھەولێر، دھۆک و سلێمانی لە پرۆسەکەدا دانیان پێدا نەنراوە، بەپێی دوایین ئامار کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاوکرابوویەوە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتووەتە، چل و دوو ملیۆن و دوو سەد و چل و ھەشت ھەزار و ھەشت سەد و ھەشتا و سێ کەس.
چاودێران پێیانوایە یەکێک لە کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم کردنی سەرژمێری گشتیی لە عێراق، خۆدزینەوەیە لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە، چونکە ئەو ماددەیە، پەیوەستدارە بە چارەکردنی ڕەوشی ناوچە کێشە لەسەرەکان، ھەروەھا یەکێک لە مەرجەکانی کورد بۆ کردنی سەرژمێری گشتیی لە عێراق، جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقە کە تایبەتە بە ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ناوچە کێشە لەسەرەکان و گەڕانەوەی خێزانە کوردەکان بۆ زێدی خۆیان کە لەسەردەمی ڕژێمی پێشوو، بەزۆرەملێ ئاوارەبوون.
لە ساڵانی ١٩٧٨ و ١٩٧٩ لەسەردەمی سەدام حوسێن شەش ھەزار گوندی کورد لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، سەڵاحەددین و دیالە و ژمارەیەک پارێزگای دیکە خاپوورکران و دوو سەد ھەزار کورد بەزۆرەملێ ئاوارەی پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی و ئەنبار کران و لە شوێنی ئەوان ژمارەیەکی زۆری عەرەبی ھاوردە لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق نێشتەجێ کران.
ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، تایبەتە بە چارەکردنی کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان، ئەویش بە سێ قۆناغ کە بریتین لە ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ئەو ناوچانە، گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و قەرەبووکردنەوەیان، ھەروەھا گەڕانەوەی عەرەبە ھاوردەکان لەو ناوچانە بۆ زێدی خۆیان، بەڵام تا ئێستە ھیچ ھەنگاوێکی دیکە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ جێبەجی کردنی ماددەکە نەنراوە.
بەھۆی ھێرش و پەلامارەکانی داعش بۆ سەر بەشێک لە ناوچەکانی عێراق لە ھاوینی ٢٠١٤، نزیکەی پێنج ملیۆن عێراقی دەربەدەربوون کە بەشێکیان وەک ئاوارە ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کرد و بەشێکی دیکەشیان وەک پەنابەر ڕوویان لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ئەوروپا کرد، بەڵام تا ئێستە ژمارەیەکی زۆر لە خێزانە ئاوارەکان نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، ئەوەش لەبەر ژمارەیەک ھۆکارە لەنێویاندا، بوونی ھێزە چەکدارە لە یاسا دەرچووکان لە ناوچەکانیان و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان.
ئاوارە عەرەبەکان کە لە کەرکووک نیشتەجێن، دوای ئازادکردنی ناوچەکانیان لە دەستی داعش نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان، بەھاوکاری ئیدارەی کەرکووک بەشێکی زۆریان فۆرمی خۆراک و کارتی نێشتەجێبوونیان گواستووەتەوە بۆ شارەکە، دەڵێن، ھەموو شتێک بۆ ئێمە کراوە و ئامادەنین بگەڕێینەوە و ھەر لێرە دەمێنینەوە.
بەھۆی گۆڕینی دیموگرافیای کەرکووک، کورد ترسی لەو سەرژمێرییە کە بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵ لە عێراق بکرێت، کورد دەڵێت، لە ئێستەدا ھیچ سەرژمێرییەک لە بەرژەوەندی ئێمەدا نییە، چونکە تا دێت ژمارەی عەرەبەکان زیاد دەکەن.
یەکێک لە ئامانجەکانی کردنی پرۆسەی سەرژمێری گشتیی لە عێراق دیاریکردنی ژمارەی دانیشتوانی نەتەوەکانە، بەڵام دەنگۆی ئەوە ھەیە پرسیاری نەتەوە لە سەرژمێرییەکەی ئەمساڵدا لاببرێت ئەوەش نیگەرانی لای زۆربەی نەتەوەکانی عێراق دروست کردووە، بەتایبەتی کورد. شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: بێگومان دەبێت لە پرۆسەی سەرژمێری گشتیی لە عێراق، نەتەوە دیاری بکرێت، بۆ ئەوەی بزانین ئێمەی کورد چەند ملیۆنین و ژمارەی دانیشتوانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان وەک نەینەوا، کەرکووک، دیالە، سەلاحەددین و ژمارەی کوردانی فەیلی لە بەغدا دیاربێت، بۆیە زۆر پێویستە پرسیاری نەتەوە لە سەرژمێریدا ھەبێت.
دەستەی باڵای سەرژمێریی گشتیی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، بۆ تاوتوێکردنی دوایین ئامادەکارییەکانی سەرژمێریی گشتی کۆبوویەوە، کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی وەزیری پلاندانانی حکوومەتی ھەرێم و بە بەشداریی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، وەزارەتی پێشمەرگە، فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون، فەرمانگەی میدیا و زانیاری، فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری، دەستەی ئامار، دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم، ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێم، پارێزگاکانی ھەرێم و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان کرا. د. جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، گوتی: کۆبوونەوە بە ئامانجی تاوتوێکردنی ئامادەکاری بوو لە ھەرێمی کوردستان بۆ سەرژمێریی گشتیی، تاکو بتوانرێت چ لەسەر ھەرێمی کوردستان پێویستە لەم ڕووەوە خۆی بۆ ئامادە بکەین، بۆ ئەو مەبەستە گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی کردنی پرۆسەکە و قۆناغەکانی دیکە کرا.
بڕیارە لە ٢٠ی ١١ـی ئەمساڵ، لە دوای ٢٧ ساڵ پرۆسەی سەرژمێری بەشێوەی ئەلیکترۆنی لە سەرتاسەری عێراق بکرێت، زیاتر لە سەد و بیست ھەزار مامۆستا و کادیری پەروەردەیی پرۆسەکە بەڕێوە دەبەن. سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانان و سەرۆکی دەستەی ئامار لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند، یەکەم جارە لە ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دەستەی ئامار و وەزارەتی پلاندانان سەرژمێری بکرێت.
گوتیشی: ھەرێمی کوردستان داتاکانی لەدەستی خۆیدایە و دەتوانێت بەکاری بێنێت بۆ گەشەسەندنی ئابووری خۆی، بەتایبەتی ئەو قۆناغەی کە ھەرێمی کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت.
بریکاری وەزارەتی پلاندانان و سەرۆکی دەستەی ئامار، ئاماژەی بەوەشدا، یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی سەرژمێری ئەوەیە دەبێت ھەموو وڵات بگرێتەوە، بۆ ئەوەی سوودی ھەبێت بۆ ھەموو وڵاتەکە، ھەروەھا ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، دەڵێن، ئەگەر سەرژمێری لە وڵاتێکدا بۆ ماوەیەکی درێژ نەکرێت، ئەوە ئەستەمە بتوانیت سەرچاوە مرۆییەکان و داراییەکانی وڵات بەشێوەیەکی دادپەروەری لەسەر ناوچەکانی دابەش بکەین.
جەختی لەوەشکردەوە: لە عێراق دوایین جار کە سەرژمێری کرا ساڵی ١٩٩٧ بوو، ھەروەھا سەرژمێریکردن بریتییە لە ژماردنی تەواوی دانیشتوانی وڵات بە ئاوارە و بیانییەکانیشەوە کە لەو وڵاتەدا نیشتەجێنە، ھاوکات لە سەرژمێرکردنەکەدا وردەکاری تەواو لەسەر دانیشتوانان دەرخرێتەڕوو و ڕەوشی ئابووریشیان تێدا باس دەکرێت.

ھەواڵی زیاتر