رێژه‌ی خۆكوشتن له‌ عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو به‌رزبۆته‌وه‌

رێژه‌ی خۆكوشتن له‌ عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو له‌به‌رزبونه‌وه‌دایه‌. به‌رپرسانی ئه‌منی ڕایانگه‌یاند، رێژه‌ی خۆكوشتن له‌ سه‌رتاسه‌ری پارێزگاكانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو له‌ هه‌ڵكشاندایه‌ و ده‌سه‌ڵاتدارنی ئه‌منی و ته‌ندروستیش هۆكارەکەی بۆ خراپی دۆخی ئابووری و كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی جۆراوجۆر ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌.

بە گوتەی به‌رپرسانی ئه‌منی، زۆرترینیان له‌ چین و توێژی گه‌نجانن، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌و دیارده‌یه‌ له‌ناو ته‌واوی چینه‌كانی دیكه‌ش له‌ زیادبوندایه‌.

به‌پێی ئاماره‌كانی ته‌ندروستی زۆرترین ڕێژه‌ی خۆكوشتن له‌ شاری به‌غدایه‌. فازڵ غه‌ڕاوی، سه‌رۆكی ناوه‌ندی ستراتیژی بۆ مافی مرۆڤ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، خه‌ریكه‌ تۆماركردنی ڕێژه‌ی خۆكوشتن له‌ عێراق ده‌بێته‌ دیارده‌یه‌كی رۆژانه‌ و جگه‌ له‌و حاڵه‌تانه‌ی تۆمارده‌كرێت، زۆرێك له‌ حاڵه‌ته‌كانیش له‌لایه‌ن كه‌سوكاری قوربانیانه‌وه‌ به‌ نهێنی ده‌مێنێته‌وه‌.

به‌گوته‌ی غه‌ڕاوی هۆكارێكی تری خۆكوشتن له‌ عێراق، بڵاوبوونه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر و توندوتیژی خێزانیه‌، گوتیشی ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتداران له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌نگاوی ڕاسته‌قینه‌ بگرنه‌به‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م دیارده‌یه‌ كه‌ ڕۆژانه‌ له‌ زیادبوندایه‌.