گرووپە چەکدارەکان رێگری لە گەڕانەوەی خەڵکی شارۆچکەی جورف سەخر دەکەن

نزیکەی 10 ساڵ بەسەر رزگارکردنی شارۆچکەی جورف سەخر لە پارێزگای بابل تێدەپەڕێت کە لەژێر دەستی داعش دابوو، دانیشتووانی ئەو شارۆچکەیە داواکارییەکی زۆریان هەیە بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

کە لە ساڵی 2014 ئەو شارۆچکەیە لە ژێر دەستی داعش ئازادکرد، گروپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران، ئەو شارۆچکە زۆرینە سوننەیان کۆنترۆڵ کردووە.

سیاسەتمەداران و چاودێران پشتڕاستیان کردووەتەوە، دۆخی شارۆچکەکە “ناڕوون” بووە، دوای ئەوەی گرووپە چەکدارەکان رەتیانکردەوە دانیشتوانەکەی بگەڕێننەوە، کەسێکی نزیک لە هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، ئەو گفتوگۆیانەی بە زیادەڕۆیی میدیایی بە ئامانجی دەستکەوتی هەڵبژاردن وەسف کرد.

نوێنەری هاوپەیمانی عەزمی سوننە، رەعد ئەلدەهلەکی، بە ئاژانسی (AWP)ـی راگەیاند، “جورف سەخر هێشتا لە ژێر کۆنترۆڵی گروپە چەکدارەکاندایە کە رێگری لە گەڕانەوەی خەڵک دەکەن بۆ شوێنەکانیان و ڕێگری لە هەر بەرپرسێک دەکرێت بچێتە ناویەوە، تەنانەت هێزە فەرمییەکانی عێراقیش، ئەمەش فەرمانێکە زۆر مەترسیدارە.

ئەو نوێنەرە ئاماژەی بەوەشکرد، “شارۆچکەکە بۆتە ناوچەیەکی نهێنی، بەو پێیەی نازانرێت چی لەوێ دەگوزەرێت و ئامانجی رێگریکردن لە گەڕانەوەی خەڵکەکەی چییە”، گوتیشی: ئەم داتایانە “ئاماژەن بۆ بوونی پڕۆژەی گۆڕانکاری دیمۆگرافی” لەو ناوچەیە، ئەمەش سەرەڕای هەموو بەڵێنەکانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ئەم شارە، کە هێشتا تەنها بەڵێنن.

موئەیەد جحەیشی شارەزای بواری سەربازی رایگەیاند، “تا ئێستاش گروپە چەکدارەکان لە جورف سەخر دەستی باڵایان هەیە، و ئەو گروپانە رێگە بە هیچ هێزێکی فەرمی نادەن بچێتە ناوچەکە، تەنانەت هیچ یەکێک لە بەرپرسانی حکومەتیش، بۆیە سەرەڕای ئەو ساڵانەی بەسەر ئازادکردنیدا تێپەڕیون، هیچ سەردانێکی فەرمیمان نەبینیوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “دەوترێت کەمپ و بنکەی گروپە چەکدارەکان لەناو جورف سەخر هەن، و تەنانەت کۆگاکانی چەکیش هەن، هەر بۆیە هەمیشە لە ئۆپراسیۆنەکانی ئەمەریکا دەکرێنە ئامانج، بەتایبەتی لیواکانی حزبوڵڵا کە کۆنترۆڵی جورف سەخریان کردووە”.

یەحیا ئەلکوبەیسی توێژەری سیاسی دەڵێت: ئەوەی لە جورف سەخر دەگوزەرێت تاوانی جەنگە، گوتیشی، “هەزاران کەس لەخەڵکی ئەو ناوچەیەدا هەن کە هێشتا نەگەڕاونەتەوە، ئەمەش قەیرانێکی مرۆیی پێکدەهێنێت لە کاتێکدا هیچ شتێک نییە رێگری لە گەڕانەوەی خەڵک بکات”.

جەختیشیکردەوە، “جورف سەخر لە ئێستادا بە ناوچەیەکی کاریگەر بۆ گروپەکان و کۆگای چەکەکانیان دادەنرێت، کە هیچ کەسێک نازانێت چ کەمپ و چەک و هێزێکی تێدایە، ئەو ناوچەیە دوورە لە دەستی حکومەت، بۆیە رێگری لە گەڕانەوەی خەڵکی ناوچەکە دەکرێت ئەمەش بە تاوانی جەنگ دادەنرێت”.

ژمارەی دانیشتوانی جورف سەخر کە بە کشتوکاڵ و درەختە چڕەکانی بەناوبانگە، نزیکەی 140 هەزار کەس دەبێت.

ئەم ناوچەیە باخچەی ئاڵۆزی تێدایە، هەمیشە شوێنی رێکخراوە چەکدارەکان بووە لە دوای هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003.