سوپاسالاری عێراق: لە کۆتایی پێهێنان بە ئەرکی هێزە بیانییەکان جددین

عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق دەڵێ: دەمانەوێت خشتەیەکی کاتی دیاریکراومان بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی تەواوی هێزە بیانییەکان هەبێت و پەیوەندییەکان بۆ قۆناغی هاوبەشی دوو لایەنە بگۆڕین.

سوپاسالاری عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق راگەیاندووە، بۆ کۆتاییهێنان ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی و ئەمەریکا لە عێراق تەواو جددین، هەربۆیە سێ لیژنە پێکهێنراوە بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی، مەترسییەکانی رێکخراوی داعش، سنووری ئۆپەراسیۆنەکان و توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق، هەر 15 رۆژ جارێک لیژنەی باڵا بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان کۆدەبێتەوە.

یارەڵڵا ئاماژەیداوە، تەنیا ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ئاسمانەوە دەبێت بۆ پشتیوانیکردنی تەواوی هێزەکانی عێراقی، لە سوپا، حەشدی شەعبی، دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو پۆلیسی فیدراڵی.

بەگوتەی سوپاسالاری عێراق، دانووستانەکان لەگەڵ هاوپەیمانان لە چوارچێوەی پشتیوانییەکانی ئاسمانیی و هەواڵگرییە، چونکە لە وشکانی هێزەکانی عێراق توانایان هەیە و پێویستیان بە پشتیوانی هیچ هێزێکی بیانی نییە.

ئاماژەیداوە؛ حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیجی لەگەڵ ئەمەریکا بەشێک هەیە بە ناوی ئەمنی، لەم خاڵەوە هەوڵدەدەن لەگەڵ وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رێککەوتن بکەین، کە ئەرکیان بۆ کاری هاوبەشی دوولایەنە بگۆڕن.

قسەکانی عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق، لە کاتێکدایە، ئیان مەککاری نوێنەری ئەمەریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی حوڕەی ئەمەریکی رایگەیاندووە، دانووستانە دوو لایەنەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوامە لە پێناو دانانی چوارچێوەیەکی نوێ بۆ کارو هەماهەنگی بەردەوامی ئەمنی لە نێوان بەغدا و واشنتن، بۆ ئەمەش لە گفتووگۆکاندا هەوڵی رازیکردنی عێراق دەدەن، کە مانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پێویستە، لەم روانگەشەوە بۆچوونی هاوبەش هەیە.

راشیگەیاندووە، لەم دۆخەدا هیچ پلانێکیان بۆ کێشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق نییە و عێراقیش دامەزرێنەری هاوپەیمانێتییەکەیە و رۆڵێکی سەرکردایەتی تێدا دەگێڕێت. هەروەها هاوپەیمانێتییەکە سوود لە ئەزموونەکانی عێراق وەردەگرێت بۆ بە ئامانجگرتنی داعش.

هەروەها رۆژی (29ـی شوباتی 2024)، یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، کۆنووسی کۆبوونەوەکانی لیژنەی سەربازی پێشکەشکراوە بۆ تەواوکردنی پلانی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان.

تاوەکوو ئێستا دوو گەڕی دانووستانی عێراق – ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا و هێزە بیانییەکان لە بەغدا بەڕێوەچووە.