گرووپە چەکدارەکانی عێراق وەستاندنی چالاکییەکانیان بە تاکتیک ناو دەبەن

گرووپە میلیشیاکانی عێراق کە بەشێکیان لە ژێر ناوی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی دەستیان بە هێرشی مووشەکی درۆن بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا و باڵوێزخانەکان و تەنانەت شوێنە مەدەنییەکان کردبوو، سێ هەفتە دەبێت دوای هەڕەشە و چاوسوورکردنەکانی ئەمەریکا بێدەنگ بوون و کۆتاییان بە چالاکییەکانیان هێناوە، هەرچەندە گرووپەکان خۆیان ئەو بێدەنگییەیان بە تاکتیک هەژمار کردووە و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە ئەمەریکا دەکەن.

لە کۆتایی ساڵی ڕابردووەوە ئەو گرووپە میلیشیایانە پەرەی زیاتریان بە نانەوەی پشێوی و ئاڵۆزییەکان لە عێراق و سووریا و ناوچەکە کردبوو و بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکایان کردە ئامانجی سەرەکی هێرشەکانیان و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و بنکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەولێر و بنکەی ئەمەریکیەکان لە هەریر و بنکە گەورە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و ناوچەکە بوونە ئامانجی ئەو هێرشانە.
لە سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ بە تایبەتی چەند ڕۆژ دوای ئەوەی هێزەکانی بەرەی مقاوەمە بە درۆن بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکایان لە ئەردەن کردە ئامانج و بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمەریکی کوژران و دەیان سەربازی تر بریندار بوون، ئەمەریکا بە توندی هەڵوێستی وەرگرت و دەستی بە ئۆپڕاسیۆنێکی ئاسمانی لە دژی ئەو گرووپانە کرد و بە هەشتا و پێنج مووشەک بنکەکانی گروپە میلیشیاکان لە عێراق و سووریای کردە ئامانج.

لە ئاکامی ئەو هێرشەدا دەیان چەکداری سەر بەو گرووپانە کوژران و زیان بە بنکە و بارەگاکانیان کەوت. ئەمەریکا هەر بەوە نەوەستا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان چەند فەرماندە و بەرپرسی باڵای گرووپەکانی کردە ئامانج.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی لەو گرووپانە کرد چی تر لێیان قبوڵ ناکات و هەر جۆرە جووڵەیەکیان هەڵوێستی توندی ئەمەریکای بەدواوە دەبێ و داواش لە حکوومەتی عێراق کرا سنوورێکیان بۆ دەستنیشان بکات.
دەسەڵاتی ئەو گرووپە میلیشیایانە لە عێراق ئەوەندە زۆر بووە کە تەنانەت حکوومەتی عێراق دەسەڵاتی بەسەریاندا نەبووە و زۆربەی گرووپەکان ئەجیندای وڵاتان جێبەجێ دەکەن.
سەرەتای ئەم مانگە، د. فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی گرووپە چەکدارەکان پەیامێکیان پێگەیشتووە، ئەگەر لە ھێرشەکانیان بەردەوام بن، عێراق ڕادەکێشنە ناو شەڕێک کە شەڕی ئەوان نییە و پەیامەکە بە ئێرانیش گەیشتووە. ئەو ئاماژەی دا کە ئەو ململانێ و ئاڵۆزییەی لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە سەر خاکی عێراق سەری هەڵداوە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و هیوای خواست ئێران و ئەمەریکا کێشەکانیان لەسەر خاکی عێراق یەکلایی نەکەنەوە.
گرووپە میلیشیاکان تا سێ هەفتە لەمەوبەر کە هیچ ڕۆژێک نەبوو بە درۆن یان هاوەن شوێنێک یان بنکەیەکی ئەمەریکییەکان لە عێراق و سووریا نەکەنە ئامانج بە تەواوی بێدەنگ بوون و هیچ جۆرە چالاکییەکیان نەماوە.
کڕبوونی ئەو گرووپانە بە قازانجی ئاسایش و هێمنیی عێراق و ناوچەکە بووە بەڵام ڕۆژی یەکشەم ٢٥ی شوبات سەرکردەیەکی گرووپەکانی بەرەی مقاوەمە بێدەنگیی شکاند و هەڕەشەی ئەوەی لە ئەمەریکییەکان کرد کە تۆڵە دەستێننەوە و بێدەنگییەکەیان تەنیا تاکتیکە.
شێخ ئه‌كره‌م كه‌عبی سكرتێری گشتیی میلیشیاكانی نوجه‌بای عێراق کە یەکێکە لە گرووپەکانی بەرەی مقاوەمە، له‌ په‌یامێكدا به‌ بۆنه‌ی ١٥ی شه‌عبان ڕایگه‌یاند، ئه‌و بێده‌نگییه‌ی ماوه‌یه‌كه‌ باڵی به‌سه‌ر عێراقدا كێشاوه‌، ته‌نیا تاكتیكه‌ و به‌ ئارامی به‌ر له‌ گه‌رده‌لوول و زریان هه‌ژمار ده‌كرێت، داگیركه‌ران بۆ ڕشتنی هه‌ر دڵۆپێك له‌ خوێن كه‌ له‌سه‌ر خاكی عێراق ڕژاندوویانه‌، ده‌بێت لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێ و په‌شیمانی دادیان نادات، چونكه‌ به‌ره‌ی مقاوه‌مه‌ به‌ تۆڵه‌ی بچووك ڕازی نییه‌.
كه‌عبی پێداگریی كردووه‌ كه‌ هاوئاهه‌نگییه‌كی ته‌واو له‌ نێوان گرووپه‌كانی به‌ره‌ی مقاوه‌مه‌دا هه‌یه‌ هه‌رگیز سازش ناكه‌ن له‌و خوێنانه‌ی ڕژاون و یه‌ك هه‌نگاویش پاشه‌كشێ ناكه‌ن.
پێویستە بگوترێ گرووپەکان لە ڕێی گوشارخستنە سەر حکوومەتی عێراقەوە هەوڵ دەدەن کۆتایی بە مانەوەی ئەمەریکییەکان لە عێراق بێنن، لە کاتێکدا ئەمەریکا تا ئەم ساتە هیچ پلانێکی بۆ کشانەوە نییە و پێداگرە لەسەر ئەوەی بە هاوکاریی سوپای عێراق و پێشمەرگە لە لەناوبردنی داعش بەردەوام دەبێت.

ھەواڵی زیاتر