دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

دوو کەسی نزیکی هادی عامری لە بەغدا کوژران

سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند لە قەزای راشدییە لە باکووری بەغدا لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە تەقە لە ئۆتۆمبێلێک دەکرێت کە هاوەڵزاوا و ئامۆزایەکی هادی عامری تێدابووە و هەردووکیان کوژراون.

رۆژی یەکشەممە (18ـی شوباتی 2024) سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند، لە هێرشێکی چەکداری لە ناوچەی راشدییەی بەغدا، دوو کەسی نزیکی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی نەبنی و ئەمینداری گشتی رێکخراوی بەدر کوژراون.

بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەو کەسانەی کوژراون سەرکردەن لە رێکخراوی بەدر و یەکێک لە کوژراوەکان ناوی سەبری عامرییە کە هاوەڵزاوای هادی عامرییە.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، دوای رووداوەکە هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکە بڵاوەیان پێکراوە و لێکۆڵینەوە یاساییەکان لەوبارەیەوە دەستیپێکردووە و چاوەڕێش دەکرێت رێکخراوی بەدر لەبارەی کوژرانی ئەو دوو سەرکردەیەیانەوە لە بەغدا، راگەیەندراوێک بڵاوبکەنەوە.

هاوکات بەشێک لە میدیا عێراقییەکان باس لەوە دەکەن، کە ئەو رووداوی تەقەکردنە لەو دوو کەسەی نزیک لە هادی عامری، بەهۆی کێشەی زەوییەوە بووە بەڵام بەبێ ئەوەی لایەنەی تەقەکەرەکان ئاشکرا بکەن.