پەرلەمانی عێراق داوا لە حکوومەت دەکات ھێزە بیانییەکان لە وڵات بچنە دەرەوە و لیژنەیەکیش بۆ بەدواداچوون بۆ دانووستاندنەکان لەگەڵ ئەمەریکا پێک دێنێت، ھەروەھا داوا دەکات کار بە یاسای ژمارە ١٨ی ساڵی ٢٠٢٠ بۆ کۆتایھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانان و چوونە دەرەوەیان لە عێراق بکات. پەرلەمانتاران، دەڵێن: کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانان، کاریگەریی نەرێنی زۆر لەسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق دەبێت. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئەوەندەی سوننە و شیعەکان پێویستیان بە مانەوەی ھێزی ھاوپەیمانانە، ڕەنگە کوردەکان ئەوەندە پێویستیان پێ نەبێت، چونکە ڕەوشی عێراق لە ڕووی ئەمنی و سیاسیی و ئابوورییەوە ڕەوشێکی سەقامگیر نییە.
پرسی کۆتایی ھێنان بە ئەرکی ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لە عێراق بۆتە ڕۆژەڤ و ھەندێک لایەن داوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا دەکەن، بەڵام تا ئێستە ھیچ بەرپرسێکی ئەمریکا ئاماژەی بە کشانەوەیان لە عێراق نەداوە، ئەمریکا ھەمیشە عێراق وەکو ھاوپەیمانێکی خۆی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەبینێت و ھێزەکانیان لە شەڕی تیرۆر شانبەشانی ئەوان شەڕیان کردووە، بەڵام ڕووداوەکانی ئەو دوایانە وای کرد جارێکی دیکە بەرپرسانی عێراق باس لە کۆتایھێنان بە ئەرکی ھێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەیان بکەن.
لەوەتەوەی شەڕی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، گرووپە چەکدارەکان زیاتر لە سەد و حەفتا جار ھێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا، ڕۆژی ٢٨-١-٢٠٢٤، گرووپە چەکدارەکان ھێرشیان کردە سەر بنکەی سەربازیی تاوەری ٢٢ـی ھێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی سنووری ئوردن-عێراق-سووریا، بەوھۆیەوە سێ سەربازی ئەمەریکی کوژران و زیاتر لە چلی دیکەش برینداربوون.
ئەمەریکا لە تۆڵەی کوژرانی سەربازەکانی، ڕۆژی ٢-٢-٢٠٢٤، بە سەد و ھەشتا و پێنج مووشەک ھێرشی کردە سەر ھەشتا و پێنج بنکە و بارەگای گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە نێو عێراق و سووریا، بەھۆیەوە زیاتر لە سی چەکدار کوژران و دەیانی دیکەش برینداربوون.
ئەمریکا بەوە نەوەستا، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٧-٢-٢٠٢٤، لە ڕێگەی سێ مووشەکەوە ئۆتۆمبێلێکی لە ناوەندی بەغدای پایتەختی عێراقی کردە ئامانج کە سێ فەرماندەی باڵای کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقی تێیدا بوون و بەوھۆیەوە ھەرسێکیان کوژران. دواتر سێنتکۆم لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، لەو ھێرشەدا کەسێکیان کردووەتە ئامانج کە بەرپرس بووە لە ھێرشەکانی سەر ھێزەکانیان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی تایبەت بۆ تاوتوێکردنی ھێرشەکانی سەر عێراق و کشانەوەی ھاوپەیمانان کرد داوای لە حکوومەتی عێراق کرد ھێزە بیانییەکان لە عێراق بچنە دەرەوە، پەرلەمانتاران، دەڵێن: ئەم جۆرە کارانە بۆ موزایەدەی سیاسییە، چونکە ئەمە کاری پەرلەمان نییە. لایەنە کوردستانییەکانیش، دەڵێن: ناوچەکە پێویستی بە مانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانانە، لەبەر ئەوەی داعش ھێشتا بە تەواوەتی لەناو نەچووە، زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان لەو بڕوایەدان تاوەکو ئێستەش عێراق پێویستی بە توانا سەربازی و ھەواڵگیرییەکانی ھاوپەیمانان و بەتایبەت ئەمریکا ھەیە، بۆیە دەکرێت شێوازی کارکردنیان لە داھاتوودا بگۆڕدرێت.
پرسی کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانان، کاری حکوومەتە، نەک پەرلەمانی عێراق، بە گوێرەی ماددەی ٨٠ـی دەستوور، ئەنجوومەنی وەزیران دەستەڵاتی بەستنی ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی ھەیە، نەک پەرلەمان، بۆیە پەرلەمان ناتوانێت بڕیار بۆ کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانان بدات و ئەو دەستەڵاتەی نییە. شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ئەم ھەوڵانە بۆ موزایەدەی سیاسیی و ڕازی کردنی وڵاتانی دراوسێ یە، چونکە ئەو بابەتە پەیوەندی بە حکوومەتی عێراقەوە ھەیە نەک پەرلەمان، پێشتریش لە ساڵی ٢٠٢٠ پەرلەمان دەنگی دا لەسەر دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا، بەڵام جێبەجێ نەکرا، بۆیە ئەوەی ئێستەش دەکرێت موزایەدەی سیاسییە، لەلایەن ھەندێک لایەن بەتایبەتی لەلایەن ھاوپەیمانی چوارچێوە، بۆ ئەوەی بڵێن ھەڵوێستیان ھەیە لەبەرانبەر ئەمریکا، ئەوەش تەنیا بۆ ڕازیکردنی ھەندێک وڵاتی دەوروبەرە و ھیچی دیکە نییە.
ئەو پەرلەمانتارە، دەشڵێ: کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانان، کاریگەریی نەرێنی زۆر لەسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق و پێگە سیاسییە نێودەوڵەتی و ئابوورییەکەی دەبێت.
سەمیر ئەسحەد، چاودێری سیاسی، گوتی: ئەوەندەی سوننەکان و شیعەکان پێویستیان بە مانەوەی ھێزی ھاوپەیمانانە، ڕەنگە کوردەکان ئەوەندە پێویستیان پێ نەبێت، چونکە ڕەوشی عێراق لە ڕووی ئەمنی و سیاسیی و ئابوورییەوە ڕەوشێکی سەقامگیر نییە، بۆیە بوونی ھێزی ھاوپەیمانان لەناو خاکی عێراقدا ھۆکاری خۆی ھەیە، ھەموو جیھان ھاتنی چەکداری داعشی بینی بۆ ناو خاکی عێراق و لەدەستدانی سێ لەسەر یەکی خاکی عێراق لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە، ھەر ئەوەش بووە ھۆی ئەوەی جارێکی دیکە عێراقییەکان داوا بکەن کە ئەمریکییەکان لە خاکی عێراق بمێنەوە، ئەوەی ئێستەش دەبینرێت مانەوەی ھێزی ئەمریکا لەسەر داوای لایەنە سیاسییەکانی عێراق بووە، لە ھەمانکاتیشدا ئەوەی ئێستەش داوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا دەکات ھەموو عێراقییەکان نین.
سەروان محەممەد، چاودێری سیاسی، گوتی: ڕاستە حکوومەت دەڵێت، دەبێت ھێزەکانی ھاوپەیمانان بچنە دەرەوە، بەڵام ئەگەر تەماشای بارودۆخەکە بکەین ناکرێت بچنە دەرەوە، بەتایبەتی بوونی ئەو ھێزانە لەناو خاکی عێراقدا تەنیا لایەنی ئەمنی نییە، بەڵکو لایەنی سیاسییش ھەیە، سوننە، کورد، ھەتا بەشێکی شیعەش لەگەڵ ئەوەدا نین ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق بچنە دەرەوە، ئەمریکا لەڕووی ئابوورییەوە، پشتگیری عێراق دەکات، لەڕووی سەربازی، ھێزەکانی ئەمریکا ئێستەش ڕاوێژدان و ڕاھێنان بە ھێزەکانی عێراق دەکەن، بوونی ئەوان بوونی ڕێککەوتنێکە لە نێوان ئەوان و عێراقدا.
ئەو چاودێرە، گوتیشی: پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی کرد، بەڵام لە کۆبوونەوەکەدا ڕێژەی یاسایی تەواو نەبوو، نزیکەی حەفتا و حەفت پەرلەمانتار ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە کۆدەنگی نییە، ھەموو لایەنەکان لەسەر ئەو بابەتە ڕێکنەکەوتوون، دانیشتنەکە تەنیا بۆ گفتوگۆ کردن بوو لەبارەی ھێرشەکان و پەیوەست نەبوو بەوەی کە یاسایەک دابڕێژن بۆ چوونە دەرەوەی ھێزەکانی ئەمریکا دەبوایە بەر لەوە ڕێککەوتنێک کرابایە، سەرکۆنەی ھێرشەکان کرابایە، بەڵام ئەمە بەدی نەھات، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت بڕیارەکە بە دەست حکوومەتی عێراقە نەک پەرلەمان.
دووبارە چالاکبوونەوە و زیادبوونی جمووڵی داعش ھێشتا ئەگەرێکی کراوەیە و لەئەگەری چوونە دەرەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان مەترسییەکان زیاتر دەبن، جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەڵێت: عێراق و ھەرێمی کوردستان پێویستیان بە مانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانانە، ھێشتا داعش بە تەواوەتی تێکنەشکاوە و تا ئێستە یەکێک لە ھەڕەشە ھەرە گەورەکان لەسەر ئەمنیەتی عێراق داعشە، داعش ئێستە لە خۆ ڕێکخستنەوەیە، لە خۆ ئامادەکردنە، بەپێی ئەو زانیاریانەی کە ھەمانە، لە ھەموو ناوچەکان ژمارەیان زیادیان کردووە.