ئەو گرووپانە پابەندی هیچ ڕێککەوتنێکی حکوومەتی عێراق نین لەگەڵ هاوپەیمانان

لە عێراق لە چەند ساڵی ڕابردوودا ژمارەی گرووپی چەکداریی نایاسایی و میلیشیای جۆراوجۆر زۆر بە خێرایی پەرەیان سەندووە و بوونەتە لەمپەری سەرەکیی بەردەم دیموکراسی و سەرجەم کایەکانی گەشەسەندن. لەوەتەی عێراقی فیدراڵی دامەزراوە، هیچ هێزێک هێندەی ئەو گرووپە میلیشیایانە دژایەتیی بەرژەوەندییەکانی وڵاتیان نەکردووە و هەڕەشە و توانای ئەو گرووپانە ئەوەندە زۆر بووە خەریکە عێراق بەرەو هەڵدێر دەبەن.

هەر لە دوای دامەزراندنی عێراقی فیدراڵی کە سوپای بەعس هەڵوەشایەوە و سوپایەکی نوێ لە عێراق دامەزرا، دوو هێز لە چوارچێوە دەستووری فیدراڵی دانی پێدا نرا کە یەکەمیان سوپای نوێی عێراق و دووەمیشیان هێزی پێشمەرگە بوو. سوپای عێراقی دامەزرایەوە بەڵام کێشەکە لەوەدابوو لەپاڵ دامەزراندنی سوپای عێراق گرووپە چەکدارییەکانی شیعە کە ئەوکات بەشێکی بەرچاویان لە چوارچێوەی سوپای بەدردا کاریان دەکرد نەهێنرانە نێو سوپای عێراق و درێژەیان بە چالاکییەکانیان دا و تەنانەت گرووپی تری بەرهەڵستکاریان لێ دروست بوو و بۆ ماوەیەک هۆکار بوون لە سەرهەڵدانی توندوتیژیی و ململانێیە ناوخۆییەکان و پەرەسەندنی جەنگی تایفی.
حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق هیچ کامێکیان نەیانتوانی کۆتایی بە بوونی گرووپە میلیشیاکان بهێنن و دۆخێک بهێننە کایەوە کە لە عێراق سوپایەکی نیشتمانیی بەهێز بهێننە کایەوە و بە پێچەوانە سوپای وڵاتیان لاواز کرد و لە ژێرەوە گرووپە چەکدارییە میلیشیاکانیان پەرە پێدا.
لە ساڵی ٢٠١٤ و بەتایبەت دوای سەرهەڵدانی داعش و ئەو شکستە گەورەیەی بەر سوپای عێراق لە مووسڵ کەوت و دوودەستی شارەکەی ڕادەستی داعش کرد، بیانوویەکی باشی دایە دەستی هێزە شیعییەکان بۆ ئەوەی هانا بۆ دامەزراندنی گرووپی چەکداری نوێ ببەن بۆ ئەوەی بەرانبەر بە داعش بیانپارێزێت، دواجار دامەزراندنی حەشدی شەعبی لێ کەوتەوە.
دامەزراندنی حەشدی شەعبی بە پشتیوانیی مەرجەعی شیعە، تەنانەت ئەمەریکییەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعشی ناچار کرد ماوەیەک هاوکاری بکرێن و چەک و پێداویستیشیان بۆ دابین بکرێت و زۆربەی ئەو چەکانەی دەهاتنە عێراق لە جیاتی ئەوەی بخرێنە خزمەتی پێشمەرگە و سوپای فەرمی، درانە هێزەکانی حەشدی شەعبی و بەکاریان هێنان. لە ڕووداوەکانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ هێزەکانی حەشدی شەعبی بە تانکی ئابرامزی ئەمەریکی پەلاماری کوردیان دا. گرووپەکانی حەشدی شەعبی لق و پۆی جیاوازیان لێ دروست کرا و بەتایبەتی هێزی دەرەکیی و دراوسێ دەستیان خستە نێو گرووپەکە و زۆربەیان خرانە ژێر فەرماندەیی و ئەجیندای سیاسییان کە فڕی بە بەرژەوەندییەکانی عێراق نەبوو و هەر ڕۆژە و لە ژێر ناوێکی جیاوازدا گرووپێکی میلیشیایی هەڵتۆقی.
دەسەڵاتی ئەو گرووپە میلیشیایانە لە عێراق ئەوەندە زۆر بووە کە تەنانەت حکوومەتی عێراق دەسەڵاتی بەسەریاندا نییە، گرووپەکان ئەجیندای وڵاتان جێبەجێ دەکەن و لە خێر و بێری عێراق دەخۆن. لەوەتەی جەنگی غەزە سەری هەڵداوە ئەو گرووپانە وەک ئەوەی شەڕی غەزە هی ئەوان بێت بە بێ گوێدانە بەرژەوەندییەکانی عێراق، دەستیان بە شەڕ دژی ئەو هێزە ئەمەریکییانە و هاوپەیمانەکان کردووە کە لەسەر داواکاریی حکوومەتی عێراق هاتوون و هەر لەسەر داوای حکوومەتی عێراقیش لە ڕاهێنان و مەشقپێکردنی هێزەکانی عێراق بەردەوامن.
حکوومەتی سوودانی کەوتووەتە نێوان دوو بەرداشی هێزە میلیشیاکان لە لایەک و گوشارەکانی ئەمەریکا لە لایەکی تر، حکوومەت نەدەتوانێت بەرپرسیارێتیی خۆی بەرانبەر هێزە بیانییەکان بۆ پاراستنی بنکە و بارەگاکانیان جێبەجێ بکات و نە دەسەڵاتیشی بەسەر ئەو گرووپانەدا هەیە.
ئەمەریکییەکان لەم دواییانەدا بە تایبەتی دوای ئەوەی لە ئوردن لە ئاکامی هێرشی درۆنی گرووپی حزبوڵای عێراق سێ سەربازیان کوژرا و دەیانی تریان بریندار بوون، دەستیان بە وەڵامدانەوە و دەستوەشاندن لەو گرووپانە کردووە. دۆخەکە خەریکە لە کۆنتڕۆڵی حکوومەتی عێراق و دامەزراوە یاساییەکان دەردەچێت و گرووپەکان چارەنووسی عێراق دیاری دەکەن.
دوێنێ د. فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ بی بی سی ئاشکرای کرد گروپە چەکدارەکان پەیامێکیان پێگەیشتووە، ئەگەر لە ھێرشەکانیان بەردەوام بن، عێراق ڕادەکێشنە ناو شەڕێک کە شەڕی ئەوان نییە و پەیامەکە بە ئێرانیش گەیشتووە.
ئەو ئاماژەی داوە کە ئەو ململانێ و ئاڵۆزییەی لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە سەر خاکی عێراق سەری هەڵداوە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و هیوای خواست ئێران و ئەمەریکا کێشەکانیان لەسەر خاکی عێراق یەکلایی نەکەنەوە.
گرووپە میلیشیاکان کە لە ناوخۆیش لە لایەن دەسەڵاتدارانی شیعە پاڵپشتی دەکرێن، پەرلەمانتارەکانیان بە بێ ئەوەی حساب بۆ ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی عێراق و ئەمەریکا و بەرژەوەندییەکانی وڵات بکەن دەستیان بە واژۆ کۆکردنەوە و هەوڵدان بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا کردووە.
لە لایەکی ترەوە کۆمسیۆنی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیاش نیگەرانیی خۆیان لە دۆخی عێراق دەربڕیوە و بە ڕاشکاوی گوتوویانە ئەو گرووپە چەکدارییانە هۆکاری سەرەکین لە ئاڵۆزییەکان و وایانکردووە پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش خراپ بکەن و تەنانەت ڕۆڵیان هەیە لە برسیکردنی فەرمانبەرانی کوردستان و زیانگەیاندن بەو بنەما دەستوورییەی عێراقی لەسەر بنیات نراوە.
دۆخەکە لە قۆناغەکی مەترسیدار دایە و هیچ پاساوێکی لۆجیکی بۆ مانەوەی ئەو گرووپە میلیشیایانە لە عێراق نییە و یان دەبێت ئەو گرووپانە بە تەواوی لەناو ببرێن یان دەبێ عێراق چاوەڕێی هەڵدێران و کۆمەڵێک قەیرانی نوێ بکات.

ھەواڵی زیاتر