پەرلەمانی عێراق لەسەر هێرشەکانی سەر وڵاتەکەی کۆدەبێتەوە

بڕیارە رۆژی شەممە (10ـی شوباتی 2024) پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە گفتوگۆکردن لەبارەی ‌هێرشەکانی سەر وڵاتەکەی ئەنجامبدات.

رۆژی پێنجشەممە (8ـی شوباتی 2024) فەرمانگەی میدیایی پەرلەمانی عێراق، بەرنامەی کاری دانیشتنی ژمارە (6)ـی وەرزی یاسادانانی یەکەمی ساڵی سێیەمی پەرلەمانی عێراقی بڵاوکردەوە لە بەرنامەی کار لە خاڵێک پێکهاتووە و ئاماژەی بەوەکراوە، کە دانیشتنەکە تایبەت دەبێت بە “گفتوگۆکردن لەسەر ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێنە سەر سەروەری عێراو”.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە شەوی (7ـی شوباتی 2024) لە بەغدا ئۆتۆمبێلێک لە هێرشێکی درۆنیدا کرایە ئامانج لە ناوچەی مەشتەلی رۆژهەڵاتی بەغدا و لە ئەنجامدا سێ کەس کوژران کە دوو سەرکردەی کەتائیبی حزبووڵڵا بە ناوەکانی ئەبو باقر ساعیدی و ئەرکان عەلیاوی لەنێو کوژراوەکاندان و دواتر حزبووڵڵای عێراقی لە راگەیەندراوێکدا کوژرانی ئەو دوو سەرکردەیەی پشتڕاستکردەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان٫ ئۆتۆمبێلەکە لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکی MQ9 کراوەتە ئامانج، هەمان جۆری ئەو فڕۆکەیە کە بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە ساڵی 2020 بەکارهێندرا.

هەروەها سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، ساعیدی بەرپرسی سیستمی دروستکردنی مووشەک و درۆنەکانی حزبووڵڵای عێراقە کە لە هێرشەکەدا کوژرا.