په‌رله‌مانی عێراق سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌كانی ئه‌مه‌ریكا داوای كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ ده‌كات

 

په‌رله‌مانی عێراق سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات و داوایش ده‌كات بۆ تاوتوێكردنی ئه‌و هێرشانه‌ له‌ رۆژانی داهاتوودا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ ئه‌نجام بدات.

ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌ 3ـی شوباتی 2024) سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆی هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكای بۆ سه‌ر پێگه‌ی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ عێراقدا كرد كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ به‌پێی زانیارییه‌كان 16 كوژراو و 25 برینداری لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌.

سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عێراق هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت و به‌په‌له‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا به‌مه‌به‌ستی راگرتنی هێرشه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و دانانی سنوورێك بۆ پێشێلكارییه‌كانی “هاوپه‌یمانان” بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری و گیانی عێراقییه‌كان.

هاوكات داوای له‌ حكومه‌ت كردووه‌ په‌له‌ بكات له‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاری ژماره‌ 18ـی ساڵی 2020ـی تایبه‌ت به‌ ده‌رچوونی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عێراق.

به‌ره‌بەیانی ئەمڕۆ شەممە، له ‌كاردانه‌وه‌ی كوشتنی سێ سه‌ربازه‌كه‌ی ئه‌مەریكا له‌ بنكه‌ی “تی-22″ـی سنووری ئوردن، ئه‌مەریكا هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی گرووپ و میلیشیاكان‌ له‌ عێراق و سووریا ده‌ستیپێكرد، تێیدا 85 پێگەی سوپای پاسداران و میلیشیاکان و چەندین کۆگای درۆن و مووشەکیش لەو دوو وڵاته‌ وێرانكران.

هێرشه‌كانی ئه‌مجاره‌ی ئه‌مەریكا له ‌ده‌ره‌وه‌ی خاكی عێراقه‌وه‌ بوون، كه‌ ره‌نگه‌ كه‌فوكوڵی لایه‌نه‌ شیعه‌كان كه‌متر ده‌ربكه‌ون، به‌ڵام نایشارنه‌وه‌ پێشوه‌خته‌ حكومه‌تی عێراقیان له‌ هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی عێراق ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌، حكومه‌تی عێراقیش له‌ڕێگه‌ی گوته‌بێژی فه‌رمانده‌یی هێزه‌ چه‌كداره‌كان رایگه‌یاند، هێرشەکانی ئەمەریکا تێکدانی هەوڵەکانی عێراقە و راماندەکێشێت بۆ دەرئەنجامە پێشبینی نەکراوەکان، كه‌ بەجۆرێکه‌ لێکەوته‌ی کارەساتباری بۆ ئاسایش و سه‌قامگیری عێراق ده‌بێت.

هێرشه‌كه‌ی ئه‌مەریكا بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گای گرووپ و میلیشیا چه‌كداره‌كان له‌ عێراق و سووریا، پێناچێت یه‌كه‌م و دوایین هێرش بێت و دڵی ئه‌مەریكا به‌و 125 مووشه‌كه‌ ئاو بخواته‌وه‌، بۆیه‌ پێشبینی ده‌كرێت زنجیره‌یه‌ك هێرشی دیكه‌ی به‌دوادابێت و دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و ئاقارێكی نادیار ببات.