لە بەغدا رێژەی خۆکوشتن لە زیاد بووندایە

سەرچاوەیەکی ئەمنی لەبەغدا رایگەیاند، لە بەغدای پایتەخت لە رۆژێکدا سێ کەس کۆتاییان بە ژیانی خۆیانهێناوە و ئەو رێژەیەش لە زیاد بووندایە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ـی کانوونی دووەمی 2024، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە بەغدا بڵاویکردەوە، لە بەغدای پایتەخت خوێندکارێکی زانکۆ لەگەڵ هاوەڵێکی بەهۆکارێکی نادیار لە یەکێک لە زانکۆکان بە هەڵواسین و ئەوی دیکە بە بەکارهێنانی چەک کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، “خوێندکارەکەی زانکۆ، لەدایکبووی ساڵی 2003، بە بەکارهێنانی پەتێک کە بە سەقفی ژوورەکەیەوە هەڵواسرابوو لەناو ماڵەکەیدا لە گەڕەکی بەتول، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و بەگوتەی خێزانەکەی، تووشی نەخۆشی دەروونی بووە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “خوێندکارەکەی دیکە لەدایکبووی ساڵی 1980یە کە لەناو بارەگای وەزارەتی وەرزش و لاوان لە شەقامی فەڵەستین بە تەقەکردن لە خۆی لەناو بارەگای وەزارەتەکە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە”. بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکان، هۆکارەکەی کێشەی خێزانی بووە”.

سەرچاوەیەکی دیکەش لە نەجەف رایگەیاند، کچێکی تەمەن 19 ساڵ لە پارێزگای نەجەف، لە گەرەکی موکەرەمە لە سەنتەری پارێزگاکە، بە شاڵێک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، تا ئێستا لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە بەردەوامی هەیە.

لە ساڵی 2022 لە بەغدا 1073 هەزار و حەفتاو سێ حاڵەتی خۆ کوشتن بە هۆکاری جیا جیا روویداوە، بەڵام بۆ ساڵی 2023، عێراق لە ریزبەندی 13هەمین وڵاتانی جیهانە لە کۆی 187 وڵات کە هاووڵاتییانی 3.89% کۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن، ئەویش بەهۆکاری هەژاری، گەندەڵی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، چەندان هۆکاری دیکەی ئەو وڵاتە.