بەغدا سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان پیادە دەکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق، لەم دیدارەدا لەگەڵ “ھەولێر” دەڵێت: ھەمان عەقڵیەتی شۆڤێنی بەرامبەر بە کورد لە بەغدا حوکم دەکات، لە جیاتی شەش سەد و ھەژدە ملیارەکە درۆن و مووشەک دێن. دەشڵێ: ھەموارکردنەوەی یاسای بودجە تەنھا ئەو ماددانەی پەیوەستن بە ھەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بەڵکو حکوومەت و لایەنەکانی دیکەش داواکاریان ھەیە، ئەوەش کاتی پێویستە.

سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق، گوتی: ھەموارکردنەوەی یاسای بودجە کاتی زۆری دەوێت، وەک ڕێکارە یاساییەکان و ڕێککەوتنی ھەردوو حکوومەت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داواکاری ھەیە، بۆ ئەمانەش دەبێت ڕێککەوتن لە نێوان ھەولێر و بەغدا بکرێت، تا ئێستە ھەنگاوی باش نراون، دەتوانم بڵێم لێک تێگەیشتن ھەیە لە نێوان ھەردوو حکوومەت تا ئاستی ڕێککەوتن ئەو ماددانەی کە پەیوەستن بە ھەرێمی کوردستان چۆن ھەموار بکرێتەوە، بەڵام ھەموارکردنەوەی بودجە تەنھا ئەو ماددانەی پەیوەستن بە ھەرێمی کوردستانەوە ناگرێتەوە، بەڵکو لایەنەکانی دیکەش، خودی حکوومەتی فیدراڵ، وەزارەت و پارێزگاکانیش داواکاریان ھەیە، بۆیە ھەموو ئەمانە دەکرێنە یەک پاکێج و دەنێردرێنە پەرلەمان، ئەمەش کاتی پێویستە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: ئەو کێشەی کە وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی لیستی مووچەی ھەرێمی کوردستانەوە ئاماژەی پێ دەکات، پەیوەندی بەو وەزارەتەوە نییە، چونکە پێشتر لیستی مووچە لەلایەن ھەردوو دیوانی چاودێریی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی ھەرێمی کوردستان وردبینی بۆ کراوە و ھیچ کێشەیەکی تێدا نەبووە.
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق، زیاتر دەڵێ: دەبوایە ئەو شەش سەد و ھەژدە ملیار دینارەی کە بڕیار بوو بۆ ھەرێمی کوردستان بنێردرێت بگاتە ھەرێمی کوردستان، چونکە پشکی ھەرێمی کوردستانە لە بودجەی گشتی فیدراڵی پەیوەندی بە لیستی مووچەوە نییە، ئەگەر وا بێت لیستی مووچەی ئێمە و کۆی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم سەرووی نۆ سەد ملیار دینارە، بۆچی تەنھا شەش سەد ملیار دەنێرن پێویستە زیاتر بنێرن، ئەمەش پلانێکی نوێیە بۆ زیاتر ئازاردانی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانە و ھیچی دیکە نییە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووری پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: بەداخەوە کەسێک ھاتووە کوردیشە ڕێگا بۆ ئەوانە و وەزارەتی دارایی خۆش دەکات بۆ ئەوەی مووچە بۆ ھەرێم نەنێرن بە حوکمی ئەوەی دوو ناوی دووبارەی تێدایە، ئەگەر وایە پێشتر چۆن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی پەسەندی کردووە، با دابنێین ناوی دووبارەی تێدایە، ئەی بۆچی باسی لیستی مووچەی بەغدا ناکەن کە دە بارەشی تێدایە، ملیاران دۆلار ساڵانە بەھەدەر دەچێت بەشی ھەرە زۆریش بۆ چەکدارانی حەشدی شەعبییە و کەسیش باس ناکات.
سیپان شێروانی، جەختی لەوەشکردەوە: ھەندێک کەس و لایەن دەیان گوت نەوت ڕادەست بکەن ھەموو مانگێک مووچە دێت، بەڵام لە جیاتی مووچە و بودجە، مووشەک و درۆن دێن، دوای سەد ساڵ لە شەڕ و تێکۆشان دژی زۆرداری و ستەم لە عێراق لە کۆتاییدا گەیشتینە نیزامێکی فیدراڵی و دەستوورێکی ڕێکوپێک بۆ ئەوەی ھەموو گەلانی عێراق پێکەوە بژین، بەڵام وا دیارە نیزامەکە گۆڕاوە، بەڵام ئەقڵیەتەکە نەگۆڕاوە، ئەو ئەقڵیەتەی کە ئێستە دەیانەوێت میللەتی کورد بە برسی بوون بکوژن و ئازاری بدەن و لەناوی ببەن، ھیچ جیاوازییەکی نییە لەوەی کە پێشتر گوندەکانیان دەسووتاندن و منداڵ و گەنج و ئافرەتیان ئەنفال دەکردن و چەکی کیمیاییان بەکاردەھێنا، ھەمان ئەقڵیەتە، بەڵام لە دوو نیزامی جیاوازدا، بۆیە دەبێ خەڵک بزانێت ڕاستی بابەتەکە چییە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووری، زیاتر دەڵێ: سەرۆکوەزیرانی عێراق کەسێکی دڵسۆزە و کار دەکات، ئێمەش ھیوامان پێی ھەیە بۆ چارەکردنی کێشەکان، بەڵام لە خوار سەرۆکوەزیرانەوە کەسانێک ھەن ڕێکارەکان جێبەجێ ناکەن، ئەنجوومەنی وەزیران بەرزترین دەستھەڵاتی جێبەجێکردنە لە عێراقدا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە ١٢.٦٧% بەشی ھەرێمی کوردستان بنێردرێت تا ئەو ڕۆژەی یاسای بودجە ھەموار دەکرێتەوە، کەچی وەزیری دارایی دوای دەخات، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت عێراق وڵاتێکە یاسا وەک خۆی سەروەر نییە، بەداخەوە ئەم قسەیە دەکەم، بەڵام ھێزی چەکدار زیاتر ڕۆڵ دەبینێت وەکو ئەوەی دەستوور، بۆ نموومە پەرلەمانتارێک کە ھێزی چەکداری ھەبێت بەھێزترە لەوەی کە پەرلەمانتارێک ھێزی چەکداری نەبێت، ئەمڕۆ ھێزی چەکدار لە جیاتی یاسا و دەستوور بڕیار دەدات، دەکرێت گرووپێکی چەکدار فشار لە وەزیری دارایی بکات و لە بڕیارەکەی پاشگەز بکاتەوە.
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق، زیاتر دەڵێ: ھەرێمی کوردستان و عێراق بە دۆخێکی زۆر ھەستیاردا تێدەپەڕن سەیری ناوچەکە بکەین، لە غەززە شەڕێکی گەورە ھەیە، ئەم درۆنانە مەترسییەکی زۆر گەورەیان لەسەر ئاسایش و سەروەری عێراق دروست کردووە، عێراق سەروەرییەکەی لەژێر پرسیاردایە لە ناوخۆی عێراقیش کێ ڕازییە لەو شێوازە حوکمڕانییەی کە ئێستە ھەیە، گەلی کورد ناڕازییە، مووچەکانیان بووەتە یەکێک لە بابەتەکانی سیاسەت پێ کردن لە لایەن ھەندێک ھێزی سیاسییەوە، سەیری نێو ماڵی سوننە بکەین ئەوان ڕووبەڕووی زۆر کێشە بوونەتەوە، شیعە بەشی ھەر زۆری لە ماڵ دانیشتووە و بایکۆتی پرۆسەی سیاسییان کردووە، ئەگەر عێراق بەخۆیدا نەچێتەوە و نەگەڕێتەوە بۆ دەستوور وەکو ئێستە نامێنێت، بۆیە با کەس وا بیر نەکاتەوە مووچەی ھەرێمی کوردستان دەبڕن بۆ ئەوەی دەستی ئاوەدانی لە ھەرێمی کوردستان بوەستێت، بۆ ئەوەی حکوومەت نەتوانێت کاری خۆی بکات، ئیتر ھەرێم کۆتایی پێ دێت، ھەرێم بە بودجە دروست نەبووە، تا بە بودجە بڕین لەناو بچێت، ھەرێمی کوردستان بە خوێن دروست بووە، ئەمڕۆش بە خوێن دەپارێزرێت، ھەرێمی کوردستان زۆر گەورەترە لەو معادلە بچووکانەی کە ھەندێک کەسی بچووک پلانی بۆ دادەڕێژن، بۆیە ئەم دۆخە بەم شێوازە نامێنێت و کێشەی مووچە چارە دەبێت ڕاستە زۆری خایاند، بەڵام پەتی سەبریش جارێک ھەر دەپسێت و دڵنیا بن ئەو ڕەوشەی ئێستە ھەیە نامێنێت، لێ ناگەڕێن نەوتی خۆمان بفرۆشین، بودجە نانێرن نازانین ئەوان چیان دەوێت ھەموو ئامانجی ئەوان ئەوەیە کە ئازاری خەڵکی کوردستان بدەن، لایەنە عێراقییەکان، دەڵێن دەبێت بودجە و مووچەی کوردستان ڕەوانە بکرێت کەچی ھەر ھەندێک لەو لایەنانە دەستییان ھەیە لە بڕینی بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان، ئێمە لە بەغداین چ وەکو نوێنەرانی خەڵکی کوردستان چ شاندی حکوومەتی ھەرێم و لایەنە سیاسییەکان کارتی تر ھەیە کە بەکاربھێنین، چاوەڕوانی ھەمواری بودجە دەکەین، بۆ ئەوەی ھەتا زووە ئەو غەدرەی کە لە کورد کراوە لە یاسای بودجە کە پێچەوانەی دەستوور و یاسایە ڕاست بکرێتەوە، بۆ ئەوەی چی دیکە قووتی خەڵکی کوردستان نەبێتە گەمەی سیاسی.

ھەواڵی زیاتر