گۆڕانکارییەکانی بودجەی گشتی عێراق دەخرێنە دەنگدان

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و رەشنووسی هەموارکردنەوەی بودجەی گشتی عێراق، یەکێکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە.

داواکاری سەرەکی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوایین کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق ئەوەبوو بودجەی گشتی عێراق لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەموار بکرێتەوە، ئەمەش بە جیاکردنەوەی خەرجی راستەقینە لە مووچەی فەرمانبەران، هاوکات مووچەی فەرمانبەران بخرێتە سەر خەرجی (حاکیمە) لەسەر ئەو بنەمایە سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی سێ کەسی پێکهێنا بۆ ئەوەی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان وەربگرن، لیژنەکە لە وەزیری دارایی، وەزیری نەوت و وەزیری پلاندانان پێکهاتووە، بەو ئامانجەی لیژنەکە ئەو گفتوگۆ لەسەر میکانیزمەکان بکات و بیهێننە ناو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە بڕیارە ئەمڕۆ بکرێت.

یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتی 2024، رەشنووسێک لەلایەن لیژنەکە ئامادەکراوە، محەممەد شیاع سوودانی لە کۆبوونەوەکەدا دەیخاتە دەنگدانەوە ئەگەر هەموو وەزیرەکان دەنگی پێبدەن، رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکرێت”.

وەزیرە کوردەکان لە حکومەتی عێراق لۆبی دروست دەکەن، بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەوە بدرێت پارە وەک سولفە بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکەن، بۆ دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان”