سوودانی: عێراق به‌خێرایی هه‌وڵی ده‌ركردنی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌دات

سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت وڵاته‌كه‌ی هه‌وڵ بۆ ده‌ركردنی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌دات به‌شێوه‌یه‌كی خێرا و رێكخراو، ده‌شڵێت كۆتاییهاتنی جه‌نگی غه‌ززه‌ مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر ئاڵۆزبوونی ناوچه‌كه‌ راده‌گرێت.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 11ـی كانوونی دووه‌می 2024) محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌ میانی چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی (رۆیته‌رز) جه‌ختیكرده‌وه‌، عێراق هه‌وڵ بۆ ده‌ركردنی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌دات به‌شێوه‌یه‌كی خێرا و رێكخراو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ عێراق نه‌مێننه‌وه‌ و كۆتاییش به‌ هێرشه‌كان بهێنرێت.

سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه‌، ده‌ركردنی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌گوێره‌ی خشته‌یه‌كی زه‌مه‌نی ده‌بێت.

سوودانی روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، پێویست ده‌كات په‌یوه‌ندییه‌كان دووباره‌ رێكبخرێنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌نێكی ناوخۆیی یاخود ده‌ره‌كی پاساو بۆ تێكدانی سه‌قامگیری عێراق و ناوچه‌كه‌ نه‌هێننه‌وه‌.

سوودانی سه‌باره‌ت به‌ جه‌نگی غه‌ززه‌ش گوتوویه‌تی، پێویست ده‌كات ئه‌و جه‌نگه‌ به‌ زوویی كۆتایی پێ بهێنرێت بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ له‌ ئاڵۆزبوونی هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر ناوچه‌كه‌ بگیردرێت.