زۆربەی عێراقییەکان لەگەڵ چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمەریکادا نین

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

لەگەڵ پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لەخۆرهەڵاتی نێوەڕاست و ڕووداوەکانی ئەم دواییەی عێراق و بەئامانجگرتنی ژمارەیەک لەو گرووپانەی لە عێراق بە بەرەی مقاوەمە ناسراون لە لایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە و بە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیی هێڕشەکان لە لایەن ئەمەریکا، بەشێک لە گرووپە سیاسییەکانی عێراق داوای دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن و دیسان گوشاریان خستووەتە سەر حکوومەتی سوودانی بۆ ئەوەی لەم بارەیەوە ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر. بابەتەکە سیاسییە و گومان دەکرێ تێکەڵاوی ئەجیندای دەرەکی کرابێت چونکە واقیعی سیاسی دەری دەخات زۆربەی عێراقییەکان لەگەڵ چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمەریکادا نین.

دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق دوای پشووی زستانە خەریکە دەست پێ دەکاتەوە و پێشبینی دەکرێ پرسی دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دووبارە بهێنرێتە نێو دانیشتنەکانی پەرلەمان و دیسان هاوشێوەی چوار ساڵ لەمەوبەر بڕیارێک لە پەرلەمان تێپەڕێنرێت.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ بە تایبەتی دوای کوژرانی فەرماندەی ئەوکاتی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و بەرپرسێکی باڵای حەشدی شەعبی لە لایەن ئەمەریکاوە لە بەغدا، هێز و لایەنە شیعەکان بە بێ لەبەرچاوگرتنی دۆخی تەناهیی عێراق و ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان حکوومەتی عێراق و ئەمەریکا لەئارادا بوو، بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریان دا هێزەکانی ئەمەریکان و هاوپەیمانان لە عێراق بکشێنەوە، بڕیارێک کە کورد و زۆرینەی سوننە دەنگیان پێی نەدا و گوتیان هێشتا عێراق لە دۆخێکدا نییە پێویستی بە یارمەتیدانی هێزی دەرەکی نەبێت.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١٥ەوە هاتنە عێراق ئەمەش دوای چەند مانگێک لە سەرهەڵدانی داعش کە نزیکەی یەک لەسەر سێی خاکی عێراقی داگیر کردبوو. هێزەکانی هاوپەیمانان لەو کاتەوە ڕۆڵێکی زۆر گرنگ و کاریگەریان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا هەبووە و ئەگەر ئەوان نەبوان ڕەنگە تا ئەم ساتەش داعش ڕووبەرێکی خاکی عێراقیان لە ژێر دەستدا مابایەوە.
هێزەکانی هاوپەیمانان جگە لەوەی کە لە ڕێی هێڕشی ئاسمانییەوە بنکە و بارگەکانی داعشیان دەکردە ئامانج و ڕێیان لە پێشڕەوییەکانیان دەگرت لە هەمان کاتدا ڕاهێنانیان بە هێزەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگە دەکرد و لەم ڕووەوە تا ڕادەیەکی باش توانیان تواناکانیان بەرز بکەنەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا محەمەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ژێر گوشاری لایەنە شیعەکان ڕای گەیاندووە کە بۆ پرسی چوونە دەرەوەی یەکجارەکیی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەستیان بە دانوستان کردووە و سەرقاڵی دیاریکردنی وادەی دەستپێکردنی گفتوگۆکانین بۆ دەرچوونی هێزە بیانییەکان لە عێراق. کار گەیشتووەتە ئەوەی حکوومەت لە ڕێی کورتەنامەوە پرسیاری ئەوە لە عێراقییەکان بکات بە مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا ڕازین یان نا و پێشبینی دەکرێ زۆربەیان کێشەیان لەگەڵ مانەوەی ئەو هێزانەدا نەبێت ئەگەر دەرەنجامەکەی وەک خۆی ئاشکرا بکرێت.
بەڵام ڕۆژی دووشەممە هەشتی کانونی دووەم پاتریک ڕایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە مێدیاکانی ڕاگەیاند هێزەکانی ئەمریکا لەسەر داوای حکوومەتی عێراق لە عێراقن و هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە داعش بنبڕ بکەن ئێستە پلانی کشانەوە لە عێراقیان نییە. پێشتریش بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا گوتوویانە لەسەر داوای عێراق درێژەیان بە چالاکییەکانیان داوە. ئەمریکا زیاتر لە دوو هەزار و پێنج سەد سەربازی لە عێراق هەیە و زۆربەی ئەو هێزانەش ڕۆڵی ڕاوێژکاری دەگێڕن و مەشق بە هێزەکانی عێراق دەکەن.
دوێنێ ڕۆژنامەی ”عەرەبی جدید” باسی لە دەرهاویشتە و کاریگەرییە خراپەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق کرد و تەنانەت باسی لەوە کرد کە ئەو بابەتە لە لای ئەمەریکییەکان بە جیددی وەرنەگیراوە چونکە پێیان وایە هەر قسەكردنێك لەسەر چوونە دەرەوەی ئەمریكا، خواستێكی ئێرانییە نەك عێراقی و عێراقییەکان خۆیان پێیان باشە هێزەکانی ئەمەریکا بمێننەوە.

حکوومەتی عێراق لە کاتێکدا دیسان باس لە دەرچوونی ئەو هێزانە و نەمانی داعش دەکات کە هێشتا داعش بە تەواوی لەناو نەچووە . داعش نەک لە عێراق، بەڵکوو لە هەموو ناوچەکە خەریکە خۆی بەهێز دەکاتەوە و هەر لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا داعش لە کرمانی ئێران بووە هۆی کوژرانی نزیکەی سەد کەس.
کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەتوانێت کاریگەریی زۆر خراپی بەدواوە بێت چونکە هێشتا ئەو دڵنیاییە نییە بە بێ هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا سوپای عێراق دەتوانێت پێش بە مەترسییەکانی داعش بگرێت یان نا.
خەڵکی عێراق لەم ڕووەوە ئەزموونێکی تاڵیان هەیە و وەک ئاشکرایە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان دوای پڕۆسەی ڕزگارکردنی عێراق و ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لە عێراق هاوکاریی هێزەکانی سوپای عێراقیان کرد و دواتر لە ژێر گوشاری هێزەکانی شیعە، بە پاساوی ئەوەی سوپای عێراق دەتوانێت ڕووبەڕووی تیرۆر ببێتەوە، ئەمەریکا ناچار بوو لە ساڵی ٢٠١١ بە یەکجاری عێراق بەجێ بێڵێت بەڵام ئەو جێهێشتنە دواتر کارەساتێکی گەورەی لێ کەوتەوە.

لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ لە کاتێکدا سوپای عێراق خاوەنی بەهێزترین چەک و ژمارەیەکی زۆر سەرباز بوو لە ماوەی کەمتر لە بیست و چوار سەعاتدا لە مووسڵ هەڵاتن و نەیانتوانی لە بەرانبەر ژمارەیەکی کەمی چەکداری داعش بوەستن و شارەکەیان ڕادەستی داعش کرد و بینرا چ کارەساتێکی گەورەی بۆ عێراق بەدیاری هێنا. ئەو مەترسییە لە ئارادایە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کارەساتی تری ئەمنی لە ناوچەکەی لێ بکەوێتەوە.
پێویستە بگوترێ عێراق بەرژەوەندیی هاوبەشی لەگەڵ ئەمەریکادا هەیە و بابەتەکە تەنیا پێوەست نییە بە پرسی داعش و بۆیەش زۆربەی سیاسەتمەداران و چاودێرانی سیاسیی عێراق بە کورد و سوننە و تەنانەت شیعەوە پێیان باشە بەرژەوەندییەکانی عێراق تێکەڵ بە ئەجیندا و کێشەی وڵاتانی تر نەکرێت و پێوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا لە سەرجەم کەرتەکان پەرەیان پێ بدرێت و بەهۆیەوە پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی عێراق بکرێت.