دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

وەزارەتی دەرەوەی عێراق: بۆردومانکردنی هێزێکی ئەمنیی عێراقی پێشهاتێکی مەترسیدارە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئیدانەی هێرشکردنەسەر بارەگایەکی هێزێکی ئەمنیی عێراقی دەکات و دەڵێت: بۆردومانکردنەکە پێشهاتێکی مەترسیدارە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (4ـی کانوونی دووەمی 2024) وەزارەتی دەرەوەی عێراق، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، “بە توندی ئیدانەی هێرشکردنەسەر بارەگایەکی هێزێکی ئەمنیی عێراق دەکەین، هەروەها ئەم بۆردومانکردنە پێشهاتێکی مەترسیدارە”.

لە راگەیاندراوەکەدا هەروەها هاتووە، عێراق مافی خۆیەتی هەموو ئەو رێوشوێنانە بگرێتەبەر کە هەرکەسێک هەوڵی زیانگەیاندن بە هێزە ئەمنییەکانی بدات رێگری لێبکات.

ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بارەگای لیوای 12ـی بزووتنەوەی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبی لە شەقامی فەڵەستینی بەغدا کردە ئامانج. میدیاکانی نزیک لە حەشدی شەعبی دەڵێن، تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکەوە، سێ سەرکردەی حەشد کوژراون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون.

هەروەها بەرپرسێکی ئەمەریکی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت لەبارەی هێرشەکەوە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، سوپای ئەمەریکا لە بەغدا هێرشی کردە سەر بارەگا بزووتنەوەی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبی، کە تاوانبارن بە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە، هەروەها بەهۆی ئەو هێرشەوە فەرماندەیەکی ئەو بزووتنەوەیە و کەسێکی دیکە کوژران.

ئەو لیوایەی حەشدی شەعبی کە لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە کراوەتە ئامانج، زیاتر لە چوار هەزار چەکداری هەیە و، چەکدارەکانی بەسەر عێراق و سووریادا بڵاوەیان پێ کراوە.