دوای هێرشەکەی سەر حەشدی شەعبی ناوچەی سەوز لە بەغدا داخرا

سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە دوای هێرشەکەی ئەمەریکا بۆسەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی، ناوچەی سەوز لە شاری بەغدا داخراوە.

 سەرچاوەیەکی ئەمنی بەمیدیاکانی عێراقی راگەیاند، “هێزە ئەمنییەکان رێوشوێنی توندیان لە ناوچەکانی دەوروبەری شوێنی بۆردومانەکەی ئەمەریکا بۆ سەر بارەگاکەی حەشدی شەعبی لە رۆژهەڵاتی بەغدا گرتووەتە بەر، ئاماژەی بەوەشدا، هێزە ئەمنییەکان ناوچەی سەوزیشیان بەتەواوی داخست”.

 ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکی “فراکسیۆنی حقوق” لەپەرلەمانی عێراق، سعود ساعدی، داوای لە سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماری عێراق کرد کە لێپرسینەوە لە باڵیۆزی ئەمەریکا بکەن و لە عێراق دەریبکەن. گوتیشی: ئەمە لەوەڵامی دووبارە دەستدرێژی ئەمەریکایە بۆ سەر بارەگای هێزەکانی حەشدی شەعبی.

هاوکات یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەبەرپرسیاری هێرشەکەی سەر حەشدی شەعبی دەزانێت. 

 سەرچاوە ئەمنییەکان پشتڕاستیان کردەوە، ئەمڕۆ لە هێرشێکی درۆنیدا جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، فەرماندەی لیوای 12 لە هێزەکانی حەشدی شەعبی “ئەبو تەقوا ئەلسەعیدی” و دووسەرکردەی دیکە کوژران و شەش چەکداری دیکەی حەشدی شەعبیش برینداربوون.