لە عێراق، سوپای سێبەر خەریکە جێی سوپای نیشتمانیی دەگرێتەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هێزە نافەرمیی و میلیشیاکان لە عێراق کە لەم ساڵانەی دواییدا بەرگێکی یاساییان لەبەرکراوە و خەریکن عێراق بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەبەن. ئەوان هیچ حسابێک بۆ حکوومەت و یاسا و پەرلەمان ناکەن و بە دڵی خۆیان چ شوێنێک پێیان خۆش بێت، پەلاماری دەدەن؛ سەیر لەوەدایە ژمارەیان سەرووی نیوەی قەبارەی سوپایە و بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێن وەک سوپایەکی سێبەر جێ بە سوپای نیشتمانی لێژ بکەن و دەست بەسەر هەموو دامەزراوەکاندا بگرن.

لە هەموو وڵاتێک کاتێک ژمارەی هێزی ئەمنی و سەربازی زیاد دەبن لە بەرانبەردا ئاسایش و تەناهی زیاتر بۆ دانیشتووانەکەی دابین دەکرێت و خەڵکی وڵاتەکە زیاتر هەست بە دڵنیایی و ئارامی دەکەن. عێراق یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بە تایبەتی لە دەیەی ڕابردوودا ژمارەی هێزەکانی زۆر بە خێرایی زیادیان کردووە و هەندێک هێزی نوێ هاتوونەتە کایەوە کە ژمارەیان نیوەی هەموو قەبارەی ژمارەی سوپای وڵات دەبێت کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا عێراقییەکان یادی دەکەنەوە.
بەپێی دواین ئاماری فەرمیی حکوومەتی عێراق بۆ ژمارەی هێزە چەکدارەکان کە بەشێکی بەرچاو لە بودجەیان بۆ تەرخان کراوە، ژمارەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە بێ هەرێمی کوردستان دەگاتە نزیکەی ملیۆنێک و پێنجسەد هەزار کەس. ئەگەر ژمارەی دانیشتووانی عێراق بە بێ هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرین بۆمان دەردەکەێت سەرووی ٤%ی کۆی ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە کەرتی سەربازیدا کار دەکەن.
لەو هێزانە هەشت سەد و بیست و پێنج هەزار کەسیان لە وەزارەتی ناوخۆ و سێسەد و حەفتا هەزاری تریان سەر بە وەزارەتی بەرگرین. بەدەر لەم هێزانە ژمارەی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەگاتە سەرووی دووسەد هەزار کەس، ژمارەی هێزەکانی دژە تیرۆر و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و دەزگای هەواڵگری بە یەکەوە خۆی لە سی و دوو هەزار کەس دەدات.
ئەوەی لەو ئامارەدا جێی تێڕامانە ئەوەیە هێزەکانی حەشدی شەعبی کە هەمووی نۆ ساڵە دامەزراون و لە کاتی سەرهەڵدانی داعش بە فەرمانێکی مەرجەعی شیعەی عێراق بڕیاری دامەزراندنیان درا بۆ ئەوەی بەرانبەر داعش بەرگری لە خەڵکی عێراق بکەن، کەچی پاش تەواوبوونی داعش، ئەوانە نەک کۆتاییان پێ نەهێنرا بەڵکوو شان لە شانی سوپای نیشتمانی دەدەن.
ژمارەی هێزەکانی وەزارەتی بەرگری سێسەد و حەفتا هەزار کەسە کەچی هی حەشدی شەعبی دووسەد هەزار کەسە و ئەمەش دەیسەلمێنێت ژمارەی هێزەکانی حەشدی شەعبی سەرووی ٥٤%ی کۆی ژمارەی هێزەکانی سوپای عێراق پێک دەهێنن.
بڕیار بوو ئەو هێزە زەبەلاحە لەدوای لەناوبردنی داعش کۆتایی بە ئەرکەکەیان بێت و بنێردرێنەوە ماڵەوە بەڵام بە پێچەوانە بەرگی یاساییان لەبەر کرا و لە یاسای بودجەدا پشکی زۆر گەورەی بودجەیان بۆ تەرخان کرا.
هێزەکانی حەشدی شەعبی کە بەسەر دەیان گرووپی جیاوازدا دابەش دەبن و لە کۆنترۆڵ دەرچوون لە جیاتی ئەوەی تەنانەت دوای ئەو ئیمتیازانەی پێیان درا ببنە مایەی ئارامی و بەهێزترکردنی عێراق و چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی، کەچی بە پێچەوانە هەڕەشەی و زیانەکانی بەشێک لەم گرووپانە لە هەڕەشەکانی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان کەمتر نییە.
هەندێک لەو گرووپانە تەنانەت بەرانبەر بە حکوومەتی عێراق وەستاون و سەرەڕای ئەوەی کە لە بودجەکەی دەبەن کەچی گوێڕایەڵی فەرمانەکانی حکوومەت نین، ڕۆژێک هەڵدەکوتنە سەر باڵوێزخانەکان و ڕۆژێکی تر بە درۆن و هاوەن لەو بنکە سەربازییانە دەدەن کە بۆ پاراستنی عێراقییەکان لە تیرۆر و داعش دامەزراون و هاوکاریی سوپای عێراق دەکەن. گومان لەوە دەکرێ بەشێک لەو کردەوە تیرۆریستییانەی بە ناوی داعش دەکەن هەر ئەو گرووپانەی لە پشتەوە بێت.
هەر ئەو هێزانە بە بێ ئەوەی کە بەرژەوەندییەکانی عێراق لەبەرچاو بگرن بوونەتە کەواسووری بەر لەشکر و بە ناوی گەلانی عێراق فەرمان دەردەکەن و هێڵ و خەت و نیشان بۆ ئەوانەی تر دیاری دەکەن.
بەردەوامیی چۆڵکردنی مەیدان بۆ ئەو گرووپانە، عێراق لە وڵاتێکی دامەزراوەییەوە بەرەو وڵاتێک دەبات کە میلیشیاکان حوکمی بکەن و ئەمەش ئاسۆی ئەو وڵاتە زۆر تاریک و لێڵ دەکات و زیان بە پێگەی و بەرژەوەندییەکانی دەگەیەنێت.
وڵاتانی پێشکەوتوو خاوەنی یەک سوپای نیشتمانین و هەموو هێزەکان لە ژێر فەرمان و سەرکردایەتی حکوومەت جووڵەیان پێ دەکرێت، بەڵام هەڵوێستەکانی حکوومەتی عێراق لە ماوەی ڕابردوودا دەری دەخات حکوومەت دەسەڵاتی بەو هێزانە ناشکێت و ئەوانە لەسەرووی حکوومەت و یاسا و درێژە بە خراپکارییەکانیان دەدەن.
ئەو گرووپانە هەندێک جار بە مقاوەمەی ئیسلامی و هەندێک جاری تر لە ژێر ناوی دیکە خۆیان دەناسێنن و دواین هێرشیان ئەو هێرشە بوو دوێنێ سێشەم بە درۆن کردیانە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمەریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و بە ناوی مقاوەمەی ئیسلامی ڕایانگەیاند کە لەو هێرشانەیان بەردەوام دەبن.
دوێنێ سێشەممە دووی کانوونی دووەم، گرووپێک لە ژێر ناوی مقاوەمەی ئیسلامی ڕای گەیاند بە درۆن هێڕشیان کردووەتە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر و هەڕەشەشیان کرد کە لە هێڕشەکانیشیان بەردەوام دەبن.
هەر دوای هێڕشەکە، دژەتیرۆری کوردستان بڵاوی کردەوە، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە لە لایەن میلیشیا لەیاسادەرچووەکانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو، تێکشکێندرا و خرایە خوارەوە.
لە ئێوارەی ٣٠ مانگی ڕابردووش بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوری پیرمام-هەولێر. حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر ئەو کات هەڵوێستی وەرگرت و ڕای گەیاند ئەم هێرشە تیرۆریستیە لەلایەن هێزێکی لە یاسادەرچوو بە چاوساخی و هاوکاریی جاش و هاوکارەکانیان بۆ سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگە مەترسیدار و شەڕ فرۆشتنە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە ڕاشکاوی گوتی ”ئێمە ئەو لایەنانەو حکوومەتی فیدراڵ بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر ئەم هێڕشە ترسنۆکانەیە، چونکە ئەم گرووپە لە یاسادەرچووانە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی بودجە و مووچەیان پێ دەدرێت و چەکدار دەکرێن و بە بەرچاوی حکوومەتی عێراقەوە هاتوچۆ دەکەن و چەک و مووشەک و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەکان.”
هەروەها پێداگری کردبوو لە کاتێکدا کە حکوومەتی عێراق بێدەنگ و بێتوانایە بەرامبەریان، بەڵام ئازایە لە بڕینی قوتی خەڵکی کوردستان و بە هەمان پارە ئەم گرووپانە پارەدار دەکرێن.

ھەواڵی زیاتر