باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا: ده‌بێت هێرشه‌كان بۆ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان له‌ عێراق بووه‌ستێنرێن

باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی دوێنێ دووشه‌م بۆ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت ئه‌و هێرشانه‌ بووه‌ستێنرێن.

ئه‌لینا رۆمانۆوسكی باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس ڕایگه‌یاند: هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان مێوانی حكوومه‌تی عێراقن، بۆیه‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان هێرشكردنه‌ سه‌ر عێراق”.

ڕاشیگه‌یاند “ئه‌و هێرشانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كانه‌وه‌ ده‌كرێنه‌ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان ده‌بێت بووه‌ستێنرێن”.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ كاتژمێر 4ی دوێنێ دووشه‌م به‌ درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرشكرایه‌ سه‌ر بنكه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، له‌ هێرشه‌كه‌شدا 3 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی بریندار بوون.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌م كاتژمێر 4:45 ژماره‌یه‌ك هێرشی ئاسمانی كرده‌ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی كه‌تائیبی حزبوڵا و مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی و به‌هۆیه‌وه‌ چه‌كدارێك كوژرا و ده‌یانی دیكه‌ش بریندار بوون.