دیاردەی بیابانبوون لە عێراق زۆر بەخێرایی لە پەرەسەندندایە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

بەپێی ڕاپۆرتێکی ناوەندی ئاماری عێراق ڕووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکان ڕووی لە کەمبوونەوەیە و دیاردەی بەبیابانبوون زۆر بە خێرایی ڕووی لە هەڵکشانە و ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت و هیچ ڕێوشوێنێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەگیرێتە بەر، ئەوا لە داهاتوویەکی نزیکدا بیابانەکان، عێراق قووت دەدەن.

دەرەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی ئەو دەزگایە کە بە هاوکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و ڕێکخراوی جیهانیی خۆراک ساز دراوە ئاماژەی زۆر مەترسیدار دەرکەوتوون. لەو پڕۆژەیەدا سەرجەم خاکی عێراق بە پشتبەست بە سیستمی پێشکەوتووی زانیاری و هەڵسەنگاندن لە ڕێگای دوور کراون و ئەو زەوییانەش بە سەر چەندین گرووپی جیاوازدا پۆلێنبەندی کراون.
دەرکەوتووە بیابان و دەشتەکان سەرووی ٤١%ی کۆی زەوییەکانی عێراق پێکدێنن و ئەو دەرەنجامەش بە تایبەتی دوای ئەوە پەرەی سەندووە کە کشتوکاڵ پاشەکشەی کردووە و سەرووی ٢٢% لە زەوییە کشتوکاڵییەکان چیتر بە کەڵکی کشتوکاڵ نایەن.
هۆشداری دراوە لەوەی لە داهاتوودا جووتیارانی عێراق لەگەڵ کۆمەڵێک کێشە بەرەوڕوو بن کە لە گرنگترینیان کەمبوونەوەی زیاتری ئاو، تێکچوونی پێکهاتەی خاک و نەبوونی پێداویستییەکانی بەرهەمهێنانە.
لە ڕاپۆرتەکەدا خاکی عێراق بە سەر جۆرەکانی، ڕووبەری ئاوی، زۆنگاوەکان، دارستانەکان، باخەکانی خورما، زەویی کشتوکاڵی و بیابان و لەوەڕگە و چەند بوارێکی تردا دابەش کراون. دەگوترێ زۆنگاوەکان ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان لە پاراستنی خاک و گیانلەبەران و ژینگەی عێراقدا هەیە بەڵام ڕووبەری ئەوانیش کەمی کردووە.
ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەی عێراق کە ئاویان بۆ دابین دەکرێت تەنیا ٥.٧%ی کۆی زەوییەکانە و ڕێژەی ڕووبەری لەوەڕگەکانیش دەگاتە سەرووی ١٠%ە.
ئەو دەرەنجامانەی لەو ڕاپۆرتەدا بەدی هاتوون بە دەرەنجامی زۆر کارەساتبار و مەترسیدار هەژمار کراون و مێدیاکانی عێراقیش بە بایەخەوە ئەو مەترسییانەیان بڵاو کردووەتەوە.
تەنانەت جێی سەرنجی مێدیای جیهانیش بووە و بی بی سی، لە زاری بەرپرسێکی عێراقی پێی وایە ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا عێراق لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبێتە وڵاتێکی بیابان.
هۆی تووشبوونی عێراق بەم دۆخە نالەبارە، پەیوەندی بە کەمبوونەوەی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات هەیە کە لە ژێر کاریگەریی ئەو بەنداوانەن کە تورکیا بنیاتی ناون، کەمی کردووە و حکوومەتی عێراقیش ئەو ئیرادەیەی نەبووە ڕووبەڕووی وڵاتانی دراوسێ ببێتەوە و مافەکانی خۆی لەو ڕووبارانە دابین بکات.
دیاردەی بە بیابانبوون تەنیا ڕووی لە عێراق نەکردووە بەڵکوو بەربینگی وڵاتانی تریشی گرتووە بەڵام بەو جیاوازییەی ئەوان ڕێکاری گونجاویان لە دژی گرتووەتە بەر.
چین و پاکستان بە ڕێکارێکی زۆر گونجاو خەریکە ڕووبەڕووی دیاردەکە دەبنەوە و ئەو ڕێکارە لە سعوودیەش دەستی پێ کردووە و بە چاندنی ملیۆنان نەمام کار بۆ ئەوە دەکرێ لە کاریگەرییەکانی بەبیابانبوون کەم بکرێتەوە.
پێشتریش ڕێکخراوی نەتەویەکگرتووەکان ڕای گەیاندووە کە عێراق یەکێک لەو پێنج وڵاتەی جیهانە کە زۆرترین کاریگەری لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا وەردەگرێت و بەشێکی بەرچاوی ئەو کارگەرییانەش بەهۆی دەستوەردانەکانی وڵاتانی دراوسێ بووە.
٧٠%ی ئاوی عێراق لە دیجلە و فوراتەوە دابین دەکرێ و سەرچاوەی ئەو ئاوەش لە تورکیایە. کێشەکە لەوەدایە قەیرانەکە ساڵ بە ساڵ گەورەتر دەبێ چونکە هیچ ڕێکارێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەوی لەئارادا نییە و تاکە هەنگاو ئەوە بووە زەوییەکی کەمتر بۆ کشتوکاڵ بەکار بهێنرێت.
حکوومەتی عێراق تەنانەت نەیتوانیوە لەو ئاوانە سوود وەربگرێت کە لەناو سنوورەکەی خۆیدایە و لەوەتەی عێراقی فیدراڵی دامەزراوە حکوومەتی عێراق هیچ جۆرە وەبەرهێنانێکی لە کوردستان نەکردووە کە بە دەوڵەمەندترین شوێنی عێراق لە ڕووی سەرچاوەی ئاو هەژمار دەکرێت. ئەگەر لانی کەم دوو بەنداوی ستراتیجیی هاوشێوەی دوکان و دەربەندیخان لە کوردستان بنیات نرابان ئەوا کارگەرییەکانی ئەو وشکەساڵییە کەمتر دەبوو و عێراق دەیتوانی لە ڕێی هەرێمی کوردستانەوە باری نەهامەتییەکانی سووکتر بکات.

ھەواڵی زیاتر