هاوپەیمانی تۆڕەکان و ریکخراوەکانی نیشتیمانی بۆ چاودێری هەڵبژاردن رایانگەیاند، لە هەندێک ناوەندی دەنگدان پێشێلکاری کراوە، دەبێت ئەو پێشێلکارییانە دووبارە نەبنەوە.
ناوەندی راگەیاندنی هاوپەیمانی تۆڕەکان و ریکخراوەکانی نیشتیمانی بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، بە پشتبەستن بە راپۆرتە سەرەتاییەکانی چاودێرانمان، ئەم کارە نەرێنیانە لە هەندێک لە ناوەندەکانی هەڵبژاردندا بەدیکران، کە پێشێلکردنی بنەما بنەڕەتییەکانی پرۆسەی دەنگدانی ئازادە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، چاودێرانمان دڵنیابوون لەوەی دەنگدەران بە یاوەری ئەفسەرێکی بەرپرسیارەوە دێن کە بەدواداچوون بۆ دەنگدانەکانیان دەکات و دەیانگەڕێنێتەوە، ئەمەش بە پێشێلکردنی مافی دەنگدەر دادەنرێت بەپێی دەستوور، چونکە دەنگدەر ئازادە لەوەی مافەکەی خۆی بەکار بهێنێت دەنگ بدات یاخود نا.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەردەوامی بانگەشەی هەڵبژاردن لەبەردەم هەندێ ناوەندی هەڵبژاردن لەدوورەوە بە کاریگەری راستەوخۆی هەژمار دەکرێت لەسەر دەنگدەر، ئەمە جگە لە بوونی هەندێک پڕوپاگەندە و هاندان بۆ هەندێک لیست لەناو بنکەکانی دەنگدان، و بوونی ئاراستەکردنی هێزە ئەمنییەکان بۆ دەنگدان بە لایەنێکی دیاریکراو یان کاندیدێکی دیاریکراو.
راشیگەیاند، ڕێگەدان بە بەشێک لە دەنگدەران بۆ دەنگدان بەبێ پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەکەیان جگە لە کارتی بایۆمەتری، یان دڵنیابوون لەوەی پەنجەکەی رەنگ کردووە یان نا، هەروەها بێتوانایی بەشێک لە ناوەند و وێستگەکان لە کۆنترۆڵکردنی رۆیشتنی دەنگدەران لە هێزە ئەمنییەکانەوە، ئەمەش بووە هۆی وەستانی دەنگدان بۆ چەند کاتژمێرێک، کە بەشێکیان گرژیی لە نێوان بەشێک لە کارمەندانی سەربازی و نوێنەری قەوارەکان لێکەوتەوە.
یەکێ لە خاڵە نەرێنییەکانی دیکەی ئەو پرۆسەیە، رێگریکردن بووە لە چوونە ژوورەوەی چاودێران لە هەندێک ناوەند و وێستگەی هەڵبژاردندا، هەروەها ژمارەیەک ئامێری ئەلیکترۆنی ژماردن و ریزکردن و هەڵگرتنی زانیارییەکانیان وەستاند، هەر بۆیەش لە ماوەی شەش کاتژمێردا ئەنجامەکانیان نەناردووە.
دەشڵێن: جیاوازی لە جێبەجێکردنی رێکارەکاندا بەهۆی نەبوونی راهێنان بۆ کارمەندانی “UNHCR”، یان نەبوونی بێلایەنی لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەنگدەران، بووە هێنانەکایەی ئامێری مۆبایل و فۆتۆکۆپی و بڵاوکردنەوەی کارتی دەنگدەران لەلایەن دەنگدەرانەوە، ئەمەش بنەمای نهێنی دەنگدان پێشێل دەکات.
هاوپەیمانی تۆڕ و رێکخراوە نیشتمانییەکان بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەپێویستی دەزانێت کە چارەسەری ئامێرە ئەلیکترۆنیەکانی ژماردن و ریزکردن بکرێت، هەروەها هۆکاری تێکچوونی کارکردنیان روون بکرێتەوە.
راشیگەیاند، کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەوانەی کە هەندێک پلەدار لەلایەن ئەفسەرەکانەوە ناچارکراون دەنگ بدەن، ئەمەش پێشێلکردنی دەستوور و یاساییە لەلایەن ئەو کەسانەی کە فشاریان خستۆتە سەر دەنگدەران.
هەروەها گەرەنتی ئازادی دەنگدەر پێشێل دەکرێت، جا بە هاندان بێت یان بە شێوەیە تۆقاندن بێت، ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت پرەنسیپێکی روون دابنرێت کە دەنگدان مافێکی دەستوورییە بۆ هاووڵاتیان، کە ئازادییەکی تەواوییان هەیە بۆ بەکارهێنانی دەنگەکانییان یان خۆبەدوورگرتن لە دەنگدان، جا مەدەنی بێت یان سەربازی و هیچ لایەنێک بۆی نییە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم مافە دەستوورییەدا دەکات.
رێکخراوەکان دەڵێن: پێویستە رێگریکری بکرێت لە هەر جۆرە پڕوپاگەندەیەکی هەڵبژاردن لە دەرەوە یان ناو ناوەندی هەڵبژاردن یان وێستگە لە رۆژی دەنگدان، هەروەها تواناسازی چاودێران بۆ ئەوەی ئازادی جوڵەیان هەبێت و دابینکردنی کەشێکی گونجاو بۆ چاودێریکردن بەپێی سیستەمی ژمارە 2 سەبارەت بە ئەرک و مافەکانی چاودێران.
هاوپەیمانی تۆڕەکان و رێکخراوە نیشتمانییەکانی چاودێری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان پێیان وایە کە دەبێت پرۆسەی ژماردنەوە و ریزبەندیکردن لە بنکەکانی هەڵبژاردن و لەبەردەم چاوی بریکار و چاودێراندا ئەنجام بدرێت، بەتایبەتی لە رۆژی دەنگدانی گشتیدا، هەروەها بۆ دڵنیابوون لەوەی کە وەستانی ئامێرەکان دووبارە نابێتەوە، وەک لە دەنگدانی تایبەتدا روویدا، ئەوە کەرەستەی وێستگەکان لەگەڵ سندوقەکاندا دەنێردرێت بۆ ناوەندەکانی وردبینی لاوەکی بەپێی یاسا.